ڕوانگە - سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان ڕایگەیاند، "ئیتر هەموو لایەک دەبێ دان بەوە دابنێن کە سەردەمی چەک، توندوتیژی و تیرۆر بەسەر چووە".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکپارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بەشداری لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە سامسۆن کرد و گوتارێکی پێشکەش بە بەشداربووانی کۆنگرە کرد.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وەک ئاکپارتی و هاوپەیمانی کۆمار، ئێمە داهاتووی ئەم وڵاتەین. هیوادارین ساڵانێکی زۆر لە خزمەت تورکیادا بین".
ڕەخنەشی لە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی گرت و گوتی: "ئەوانەی کە لە هەموو هەڵبژاردنێکدا لەگەڵ ڕێکخراوە جوداخوازەکان هاوڕێ دەبن، بۆیان نییە هیچ بە حزبەکەمان و هاوپەیمانی جمهوور بڵێن".
گوتیشی: "(جەهەپە) هێرش دەکەنە سەر ڕێگەی خێرای هێڵی ئاسنینی نێوان چۆرۆم و سامسۆن. وک چۆن خزمەتی هاووڵاتیان ناکەن، پێشیان خۆش نییە خزمەتی هاووڵاتی بکرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "هیوادارین ئەو ناکۆکییەی کە بە هۆی ڕێکخراوی جوداخوازەوە لە نێوان گەلەکەمان هاتووەتە ئاراوە، بە برایەتی و ڕێزی بەرامبەرەوە پڕی بکەینەوە".
گوتیشی: "دڕندە جوداخوازەکان یان هەر چی زووە چەکەکانیان دەنێژن و یان بە چەکەوە دەیاننێژین. لەوە زیاتر ڕێگەی سێیەم نییە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "ئیتر هەموو لایەک دەبێ دان بەوە دابنێن کە سەردەمی چەک، توندوتیژی و تیرۆر بەسەر چووە".