ڕوانگە - دۆناڵد ترەمپ سهرۆكى ههڵبژێردراوى ئهمریكا، پەیامێکی ئاراستەی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق،کردو پێی ڕاگەیاندووە، کە دەبێت چالاکیی گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران لە عێراقدا ڕابگیرێت
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە:؛ دیارترین خاڵەکانی پەیامەکە بریتیبون لەوەی پێویستە چەک لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ بکرێت، هەروەها چالاکیی گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران ڕابگیرێت، ئەمە جگەلەوەی عێراق دەستوەردان لەکاروباری سوریاو حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە نەکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبەغدا لەڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدی عێراقو یادکردنەوەی شەهید محەممەد باقر حەکیم لەوتارێکدا وتی:"هەندێک لایەن هەوڵیاندا عێراق بخزێننە نێو گۆڕانکارییەکانی سوریاو باسیان لەگۆڕانی سیستەمی سیاسیی عێراق دەکرد، بەڵام هیچ دەوڵەتو لایەنێک بۆی نییە گۆڕانیی سیاسیو ئەمنی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت".
سودانی ئهوهشى وتوه، "لەچەند مانگی ڕابردودا، بەڕاوێژو پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بەقورسی کارمان کردو هەوڵێکی زۆرماندا بۆ ئەوەی شەڕ لەعێراق دورخەینەوەو وڵات نەبێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی ناوچەکە".