ڕوانگە - کەسوکاری دەستگیرکراوەکان لە کەرتی غەزە نیگەرانن لە حکومەتەکەی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و  داوای ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردن دەکەن بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان.

هەزاران ئیسرائیلی لە تەلئەبیب و حەیفا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دوای ڕێپێوانێک لە تەلئەبیب، شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پۆلیس ڕویدا و بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان شه‌ش کەس دەستگیرکران.

خۆپیشاندانەکان گرنگییەکی تایبەتیان هه‌یه‌، دوای ئەوەی حەماس دوێنێ شەممە دیمه‌نێكی ڤیدیۆیی یەکێک لە ژنە دەستگیرکراوەکانی بڵاوکردەوە، کە تیایدا سەربازە گەنجەکەی لیری ئەلباگ تەمەن 19 ساڵ، کە لە 7ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2023 دەستبەسەرکرابو.

لە کاتێکدا ئیسرائیل ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بە شەڕی دەرونی لەلایەن حەماسەوە دەزانێت، بەڵام کەسوکاری دەستبەسەرکراوان وەک بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە دەیانبینن کە ئازیزانیان هێشتا لە ژیاندان.

لیری ئەلباگ سەربازێکی چاودێر بو کە لە بنکەی نەهال ئۆز لە نزیک کەرتی غەززە جێگیر بو، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌ماسه‌وه‌ به‌ بارمته‌ گیراوه‌.

خۆپیشاندەران و لایەنگرانی دەستبەسەرکراوان نه‌ته‌نیاهۆ بە تێکدانی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان تۆمەتبار دەکەن و ئەویش ئەوە ڕەتدەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە قەتەر سەبارەت بە ئاگربەست و ئازادکردنی ئەو دەستبەسەرکراوانەی کە هێشتا لە کەرتی غەززەدان لە بەرامبەر زیندانیانی فەڵەستینی بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت.