ڕوانگە - پرسی ئاشتی یەکێکە لەو پرسانەی کە تورکیا هەرجارە و لە قۆناغ و سەردەمێکدا دەیوروژێنێت و تائێستاش هیچ دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەری لێنەکەوتۆتەوە، ئەمجارەش دیسانەوە تورکیا ئەم پرسەی خستۆتەڕوو، بەڵام بەشێکی زۆر لە شارەزایان و چاودێرانی سیاسی بەگومانەوە لێی دەڕوانن و پێیان وایە تورکیا نەک نیازی ئاشتی نییە، بەڵکو دەیەوێت ئەو هەلە لەدەست کورد دەربکان کە لە ناوچەکەدا بۆ کورد هاتۆتە پێشەوە.
پەیامنێری ڕوانگە بۆ زانینی زیاتر لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەمال ڕەئوف نوسەر و چاودێری سیاسی، ئەنجامداوە، ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە.
پ/ تێڕوانینی ئێوە چییە لە بارەی پرسی ئاشتی لە تورکیا، ئایە ئەمجارە تورکیا بەجدی لە خەمی چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە تورکیا، یاخود وەک جارەکانی دیکە تەنها ئامانجی دەستخەڕۆکردنی کوردە؟
وەڵام/
ئەوەی دەبینرێت تائێستا تورکیا نێتێکی جدی نیشان نەداوە غەیری ئەوەی کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە هەندێک بانگەشەی کردووە، چونکە ئاشتی لە تورکیا پێویستی بە پرۆسەیەکی هەیە کە جۆرێک لە دڵنیایی بدات بە کورد لە باکوور، ئاشتی لە تورکیا جیاوازە لە هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان، چونکە لە تورکیا ساڵانێکی زۆرە مێژوییەک هەیە کە مێژوییەکی زۆر تاریک و ڕەشە، وە جگە لە دەسەڵاتەکان و حکومڕانەکانی تورکیا کۆمەڵگای تورکی لە دژی کورد هاندراوە و کورد کراوە بە شەیتان لای تورکەکان، هەروەها جۆرێک لە گوشاری میللی لەسەر کورد دروستکراوە، بۆیە ئەگەر تورکیا نێتی ئاشتی هەبێت دەبێت هەموو ئەمانە خاوبکرێتەوە، دەبێت میدیاکان و سەنتەر و ڕێکخراوەکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان کار لەسەر ئەمەبکەن، بەڵام ئێمە تائێستا ئەمە نابینین بۆیە پێمانوانییە کە ئەمجارەش پرسی ئاشتی لە تورکیا سەرکەوتووبێت، بۆیە بۆ سەرکەوتنی ئەم پرسە تورکیا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی قوڵ هەیە بۆئەوەی بتوانێت لێک تێگەیشتنێکی وەها دروست بکات کە کورد بەشێکە لە لە پێکهاتەی سەرەکی تورکیا و وە مافی خۆیان هەیە کە داخوازییەکانی خۆیان بگەیەنن، بەڵام ئەوەی کە ئێمە دەیبینین بە دەستێک باس لە ئاشتی دەکرێت و بە دەستێکی دیکە توند لە کورد دەدرێت و وە هەتاوەکو ئێستا شارەوانییەکان ڕێگایان پێ نادرێت هەڵبژێردراوەکانی خۆیان مومارەسەی کاری خۆیان بکەن و تائێستا زیندانییەکان پڕە لە کورد کە بەبێ تاوان زیندانی کراون، بۆیە وا نابینم تورکیا ئەمجارەش لە پرسی ئاشتیدا جدی بێت، ڕەنگە ئەمە پەیوەست بێت بەو دۆخەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا هاتۆتەپێش.
پ/ ئایە ئەو تێڕوانینەی کە باس لەوە دەکات تورکیا پێشوەختە هەستی بەوەکردووە کە گۆڕانکارییەک لەم ناوچەدا ڕوودەدات بۆیە پەنای بۆ ئاشتی لەگەڵ کوردا بردووە تاچەند تێڕوانینێکی واقعی و دروستە؟
وەڵام/
تورکیا دەوڵەتێکی بەهێزە لە ناوچەکەدا و بەدڵنیاییەوە زانیاری هەیە و دەزگای هەواڵگری گەورەی هەیە و بەشێکە لە ناتۆ، ئەوان پێیان وایە گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا هەیە و ئەگەری زۆرە بە قازانجی کردبێت، بۆیە ئەوەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوا ڕودەدات و کورد پێگەی سیاسی لەنێو ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەهێزتر بووە، ڕەنگە ئەمان بیانەوێت بەناوی ئاشتییەوە پلانێکیان هەبێت بۆ تێکدانی ئەمە، بۆیە ئەو تێڕوانینە ئەگەرێکی بەهێزە و یەکێکە لەو ئەگەرانە، هەروەها ئەگەری دووەمیش ئەوەیە کە ئۆردوگان دەیەوێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و وە پێویستی بە دەنگی کوردە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە و هەروەها بۆ گۆڕینی مەسەلەی دەستور و مانەوەی خۆی لە پێگەکەیدا، ڕەنگە ئەمانە هەمووی هۆکاربن، تاکە هۆکارێکیتر ئەوەیە کە ئێمە بە لاواز دەیبینین لە مەسەلەی پرسی ئاشتی لەگەڵ کوردا.
پ/ تورکیا یەکێک لە داوەکاریەکانی بۆ چونە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە لەگەڵ کورد ئەوەیە کە دەبێت کورد چەک دابنێت، ئایە کورد بەبێ چەک چی پێدەکرێت بەرامبەر بە تورکیا؟
وەڵام/
ئەگەر تورکیا جدی بێت لە مەسەلەی ئاشتی ئەوا خەباتی مەدەنی لە باکوور زۆر بەهێزە، ئەوەتا پەرلەمانتاریان هەیە و خەباتێکی مەدەنی بەهێز هەیە و کورد بۆخۆی چەک دانانێت، بەڵام ئەو بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی جدی نابێت و داوای چەک دانان لە هێزێکی سیاسی بکات کە لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە توانیویەتی خۆی بپارێزێت ئەمە ستەمە، ئەمە جۆرێکە لە بیانووھێنانەوە و لە هیچ شوێنێکی دونیاش وەها نەبووە هێزێک چووبێتە دانوستانەوە و پێش ئەوەی هیچی دەستکەوێت چەکەکانی خۆی دابنێت و کارەکانی خۆی تەسلیم بە لایەنی بەرامبەر بکات بۆیە هەنگاوێکی لەمجۆرە زەحمەتە.