ڕوانگە - لە ئێستادا پرسی ئاشتی لە تورکیا باسێکی گەرمی میدیا ناوخۆی و جیهانیەکانە و هەموو بەگرنگییەوە لەم هەنگاوەی تورکیا دەڕوانن، بەڵام بەشێک لە چاودێرانی سیاسی گومان لەم هەنگاوەی تورکیا دەکەن و پێیان وایە تورکیا بەم کارەی دەیەوێت ببێت بەڕێگر لەبەردەم ئەودەستکەوتانەی کە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە داهاتوودا لە ناوچەکەدا ڕوودەدات دەست کورد دەکەوێت،. پەیامنێری ڕوانگە بۆ زانینی زانیاری زیاتر و هەڵدانەوەی نهێنییەکانی پشت نێتەکانی تورکیا بۆ پرۆسەی ئاشتی گفتوگۆیەکی وردی لەگەڵ، بورهان شێخ ڕەئوف، نوسەر و چاودێری سیاسی ئەنجامداوە و ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە.
تێڕوانینی ئێوە چییە لەبارەی پرسی ئاشتی لە تورکیا، پێتان وایە تورکیا ئەمجارە بەجدی هەنگاو بۆ سەرخستنی پرسی ئاشتی بنێت؟
بورهان شێخ ڕەئوف: ئاشتی و دیالۆگ باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێی و ناکۆکیەکان چ ناوخۆی بێت چ دەرەکی بێت، بەڵام لە تورکیادا لە ساڵی ١٩٩٠ ەوە تاوەکو ئێستا چەند جارێکی دیکە هەوڵی ئاشتی دراوە کەچی بێئاکام بووە وە ئێستاش پاش ڕووداوەکانی ئەم دوایەی سوریا و غەززە جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیا هەوڵی ئاشتی دەدات ئومێدەوارین ئەمە بە ئامارێکی باشدا بڕوات و ئەنجامی هەبێت و ئەمە بۆ بەلاڕێدا نەبردنی ڕاستییەکان نەبێت، بۆیە ئەمجارە گرنگە ئەم پرسە سەربگرێت هەرچەندە تورکیا لەلایەک باس لە ئاشتی دەکات و لە لایەکی دیکەوە کورد بە تیرۆر وەسف دەکەن، لەکاتێکدا مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی ڕەوا و میللەتێک بێت کەداوای مافی یاسایی و ئینسانی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەوان هەرکەسێک دەنگێکی لێوە بێت سزای دەدەن و تەنانەت سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێراوەکان ڕووبەڕووی یاسا دەکەنەوە، ئەمانە لەگەڵ پرسی ئاشتیدا یەکناگرنەوە، ئەگەر ئەوان ئاشتی خوازن دەبێت زەمینەی بۆ سازبکەن و ڕێگە بەسەرۆک شارەوانییەکان بدەن کارەکانی خۆیان بکەن و زیندانییە سیاسییەکان ئازادبکەن و دواتر باس لە ئاشتی بکەن.
تورکیا بەبێ هیچ هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ ئاشتی مەرجی دانانی چەکە بەسەر پەکەکەدا دەسەپێنێت ئایە کورد بەرامبەر بە تورکیا بەبێ چەک چی پێدەکرێت و دەتوانێت چی بکات لە کاتێکدا چەندین ساڵە پەکەکە لەڕێگەی چەکەوە خەبات دەکات، ئایە مەرجی دانانی چەک وادەکات پرسی ئاشتی بەرەوپێش بچێت؟
بورهان شێخ ڕەئوف:مەرج دانان بۆ پرۆسەی ئاشتی شتێکی باش نییە، دەبێت چویتەناو هەر ڕێککەوتنێک وە دەبێت بەبێ مەرج بچیت و دەبێت قەناعەت بە بەرامبەرەکەت بکەیت کە چەک دابنێت، ئەگەر کێشەکان چارەسەرکرا ئەوا هیچ پاساوێک نامێنێت بۆئەوەی خەڵک بەشاخەوەبێت و چەک بەشانیەوەبێت و پەنا بۆ توندوتیژی بەرێت، لە تورکیا خەڵک دەچێتە پەرلەمان و دەبێت بەسەرۆکی شارەوانی و خەباتی مەدەنی و سیاسی پەیڕەو دەکات کەچی ڕووبەڕووی یاسای دەکەنەوە و مەلەفی تیرۆر و دۆسیەی بۆ دروست دەکەن کە ئەمە کێشە گەورەکەی تورکیایە، بۆیە دەبێت متمانە دروست بکرێت و چارەسەری کێشەکان بکرێت دواتر مەسەلەی پرسی چەک دانان باسبکرێت.
چی دەڵێن لەبارەی ئەو چەمکەوە کە هەمیشە بەرگوێمان دەکەوێت و دەوترێت کوردەکان لە جەنگدا براوەن، بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ بەشێکی زۆر لە دەستکەوتەکانیان لەدەست دەدەن، پێتان وایە پەکەکە ئامادەبێت بۆ گفتوگۆ بەبێ ئەوەی دەستکەوتەکانی لە دەست بدات؟
بورهان شێخ ڕەئوف: لە هیچ بارودۆخێکدا نابێت پرسی ئاشتی و حیوار و گفتوگۆ ڕەتبکرێتەوە، دەبێت کورد ئاشتی خوازی خۆی بپارێزێت، چونکە ئەگەر بڵێی نایەم بۆ ئاشتی ئەوا پاساو دەدات بەدەست ئەوانەوە کە بڵێن کورد ئاشتی ناوێت، دەبێ کورد و پەکەکە و هەر حیزب و لایەنێکی دیکەش بەدەم ئاشتییەوە بچێت و هەنگاوی جدیشی بۆ بنێت و کاریشی بۆبکات و تا ئەو ئاستەش بچێت کە بزانێ ئەمانە باوەڕیان چۆنە و ئایە بەڕاستیانە دەیانەوێت بەڕێگەی یاسایی کێشەی کورد چارەسەر بکەن و ئاشتی لە وڵاتدا بسەپێنن ئەوە دەکرێت قەناعەتی پێبکرێت، بەڵام ئەگەر بە ئاراستە کۆنەکان هەنگاوبنرێت ئەوا هیچ سودێکی نابێت، بۆیە ئێستا هیوادارین تورکیا گەیشتبێت بەو باوەڕەی کە دوای سەد ساڵ حوکمکردن بە ئاگر و ئاسن ئێستا کورد هەروەک خۆی وایە و لەناو نەچووە و کەس ناتوانێت مێژووی گەلێک بسڕێتەوە بگرە ئێستا کورد لە جاران بەهێزترە لە تورکیا، لەبەر ئەوە ئەگەر قەناعەتێک دروست ببێت کە لە دنیادا گۆڕانکاری هاتۆتە ئاراوە و باس لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەکرێت و دنیا دەڵێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و لەوانەیە تورکیا بەمە بییەوێت ڕێگە لەو پێشکەوتوانە بگرێت و بڵێت: خۆم کێشەی کورد چارەسەر دەکەم کە هەمو ئەمانە ئەگەرنو لە پێشمانە.
دەوترێت تورکیا زانیاری پێشوەختەی هەیە لەبارەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و دەزانێت گۆڕانکاریەکان لە بەرژەوەندی کوردە، بۆیە دەیەوێت ڕێگە لەو دەستکەوتانە بگرێت کە کورد لە باکوری کوردستان بەدەستی دەهێنێت؟
بورهان شێخ ڕەئوف: ڕاستە تورک هەموو شتێک دەکات بۆئەوەی کورد بە مافی خۆی نەگات و قەوارەی کوردی دروست نەبێت، یەکەم بەربەستی گەورەی بەردەمی کورد لە سەد ساڵی رابردودا تورکیا بووە و خۆیان ئەمە ناشارنەوە، تەنانەت لە عێراقیشدا لە ساڵی ١٩٨٤ کە کێشەی کورد چارەسەر نەبوو هەر هۆکارەکەی تورکیابوو، لە ڕۆ ژئاواش ئاگادارین هەر تورکیایە بووە بەربەست و شەڕ دروست دەکات، بۆیە ئەگەر تورکیا شتێک نەزانێت ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم هەنگاوە نانێت