ڕوانگە - رۆژنامەی سەباح لە زاری دوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، کە مووچەی ساڵی 2025ی خانەنشینان و فەرمانبەران و چاودێریی کۆمەڵایەتی زامنکراوە و هیچ مەترسییەک بوونی نییە.
رەفیق ساڵحی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو قسانەی باس لەوەدەکەن کە پارە لەبەردەست نییە بۆ مووچە و عێراق کێشەی نەختینەی هەیە، دوورە لە راستییەوە و حکومەت چەندین جار گرەنتی ئەو بابەتەی کردووە.
دەشڵێت، “هەندێک هەوڵی فشارخستنە سەر لایەنی دیاریکراو هەیە، بەدڵنیاییەوە، ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوێستی روونی دەبێت لەو بارەیەوە.”
داواشی لە لایەنە رەسمییەکان كرد رووبەڕووی ئەو پڕوپاگەندانە ببنەوە و روونكردنەوە پێشكەش بە هاوڵاتییان بكەن، دووپاتیشیکردەوە، ئەوان وەک ئەنجومەنی نوێنەران بەدوای بابەتەکەدا دەچن و کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەن بۆ زامنکردنی سەقامگیریی دۆخی ئابوریی وڵات.
لەلایەکی دیکەوە، جەمال كۆچەر، ئەندانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەباحی وتووە، مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی و توێژەكانی تر بەتەواوی دابینكراوە بۆ ساڵی 2025 و هیچ مەترسییەکی لەو جۆرە نییە کە باسی لێوەدەکرێت.