ڕوانگە - هەڕەشە و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا بەردەوامییان هەیە و لە چوارچێوەیەدا سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕادەگەیەنێت:؛هەر هەڕەشەیەک لەلایەن هەسەدەو پەکەکەوە بۆسەر یەکپارچەیی سوریا دروستبێت، شەوێک لەناکاو دەچنە سوریاو بهسهریاندا دهدهین، ئەگەر ڕێگریی لەقۆناغی نوێ-ش بکرێت، بەمستی ئاسنینەوە وەڵامدەدەینەوە".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا،ئەوەشی ئاشکراکرد:"ئەو لایەنانەی دەیانەوێت دۆخی ئێستای سوریا بقۆزنەوەو ئەوەی لەخەیاڵیاندایە بەئەنجامی بگەیهنن، تورکیا لەخاڵی پاراستنی مانەوەی خۆی زۆرجار ئیرادەی بەهێزەوە نیشانداوە، کاربگاتە ئەو ڕادەیە، دوبارە شەوێک لەناکاو بەسەریاندا دەدەین".
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد:"ئێستا ترس لەئەگەری گۆڕانکارییەکانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، لەسوریاو تەواوی ناوچەکە قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردوە، چاوەڕوانیمان ئەوەیە، سوریا یەکپارچەیی خاکو سەروەریی خۆی بپارێزێت، ڕێگەنادەین ئەو وڵاتە دابەشبێت، هەر مەترسییەک لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا ببینین، هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر".