ڕوانگە  - دوای ئەوەی لەماوەکانی ڕابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشبکات، لە ئێستادا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان دەستکراوە بە دیاریکردنی زەوی تەرخانکرا و بۆئەوەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێت، لەو چوارچێوەشدا بڕیاربوو  لە سنوری شارەوانی کەلار لە دوو شوێنی جیاواز زەوی تەرخانبکرێت بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام لە ئێستادا دەنگۆی ئەو هەیە یەکێک لەو پارچە زەویانە لەلایەن بازرگانێکەوە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی دەدرێت و ئەمەش نیگەڕانی لای مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنورەکە دروستکردووە و مامۆستایەکیش ڕایدەگەیەنێت،:؛ لە داهاتوودا هەڵوێستمان دەبێت و ڕێگە نادەین غەدر لە مامۆستایان و فەرمانبەران بکرێت.


ئاری عەزەدین، مامۆستا لە شاری کەلار بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:؛ لە کەلار  7 بۆ 8 هەزار پارچە زەوی دیاریکرابوو بۆ ئەوەی دابەشبکرێت، بەڵام بە هەوڵی مامۆستایان و فەرمانبەران و بەشێک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی توانرا پارچە زەوییەکی دیکە تەرخانبکرێت بۆئەوەی زۆرینەی فەرمانبەران سودمەند بن و خۆشبەختانە هەوڵەکان سەرکەوتووبون، بەڵام ئێستا ئاگادار کراوینەتەوە لەوەی کە بازرگانێک چووەتە هەولێر و لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە کاریکردووە بۆئەوەی دابەشکردنی  یەکێک لە پارچە زەوییانە ڕابگرێت، کە ئەمەش نیگەرانی لای تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەران دروستکردووە.

وتیشی: ڕاگرتنی ئەوزەوییە لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی داوە بە بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی ناوچەکە کە خۆی زەویەکە تەرخان بکات و سڕینەوەی بۆ بکات،

ئاری عەزەدین، ڕونیشیکردەوە:؛ بۆ بەدواداچونی زیاتر سەردانی شارەوانی کەلار و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان  کردووە و دڵنیایی ئەوەیان پێداوین کە هەردو زۆنەکە دابەشدەکەن، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ ئامادەیە تەنها سڕینەوە بۆ یەکپارچە زەوی بکات و ئێمەش لە ئێستاوە ڕامانگەیاندووە ڕێگەنادەین ئەو غەدرە لە مامۆستایان و فەرمانبەران بکرێت و مۆڵەتمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان داوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئە گرفتە چارەسەر بکەن ئەگینا هەڵوێستی جدیمان دەبێت 


لای خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕونیکردەوە:؛سەبارەت بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە نییە، بەڵکو ئەو بابەتە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە دایە کە وەزارەتی شارەوانی هەیەتی بۆ دابەشکردنی زەوی لەو زەویانەی کە کوژێنراونەتەوە بۆ بەرژەوەندی وەزارەتی شارەوانی دەست بە دابەشکردن دەکات بۆ فەرمانبەران.

وتیشی: دورونزیک ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ مامەڵەمان لەگەڵ ئەو زەویانە نییە کە کەوتونەتە ناو سنوری شارەوانییەکان، یاخود کەوتونەتە ناو ماستەر پلانی

شارەوانییەوە، بەڵکو ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ ئەو زەویانەیە کە لە دەرەوەی شارەوانییەکان گرێبەستی جوتیارانی لەسەرە بۆ کاروباری کشتوکاڵی بۆیە ئەوبابەتە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد:؛ کارکردنی وەبەرهێنێک لە سەر پارچە زەوییەک چ لەناو سنوری شارەوانی بێت یاخود لە دەرەوەی شارەوانی بێت ئەمە بە بڕیارێک لە دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە نەک وەزیری کشتوکاڵ.

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو:؛ من ناتوانم هیچ زەوییەکی کشتوکاڵی بە هیچ فەرمانێک تەرخانبکەم بۆ پرۆژەیەکی

ناکشتوکاڵی لەبەر ئەوەی ئەو دەنگۆ یانەی کە باس لەوە دەکەن ئێمە زەوییان تەرخانکردبێت بۆ بازرگانێک ئەوە دورە لەڕاستییەوە و ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە وەزیر و وەزارەتی کشتوکاڵەوە نییە.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایشیکرد:؛ ئەگەر شوێنێک هەبێت بۆئەوەی وەزارەتی شارەوانی کوژاندنەوەی بۆبکات و ناوچەیەکی بەردەڵان بێت و هیچ زەرورێک لە زەوی کشتوکاڵی نەدات باشترە بخرێتە سەر وەزارەتی شارەوانی بۆئەوەی دابەشبکرێت، یاخود شوێنێک بێت کە زەوییەکی بەپیتی کشتوکاڵی بێت و بژێوی دەیان جوتیاری لەسەربێت؟ بۆیە ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ داکۆکی لەوە دەکەین ئەو زەویانەی کە زەوی بەپیتی کشتوکاڵین لە سنوری هیچ یەک لە شارەوانییەکان کوژاندنەوەیان بۆ نەکرێت و مامەڵەی بازرگانیان پێوە نەکرێت لەلایەن هیچ لایەنێکی فەرمی و نافەرمییەوە، بۆیە ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ داوادەکەین  شارەوانییەکان ئەو شوێنانە دەستنیشان بکەن کە بە کەڵکی کشتوکاڵ نایەت کە بە بڕوای ئێمە ئەمە داکۆکییە لە زەوی کشتوکاڵی بەپیت لە بەرژەوەندی جوتیاران و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد:؛ پێدانی زەوی بە هەر بازرگانێک لە دەسەڵاتی ئێمەدانییە، بەڵکو ئەوە لە تایبەتمەندی دەستەی وەبەرهێنانە وە بەپێی ڕێنمای ژمارە(٣) دەبێت ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران یاخود ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەبەرھێنانی بۆ وەربگیرێت نەک وەزیری کشتوکاڵ، بۆیە ئێمە ڕەزامەندنین بۆ هیچ پرۆژەیەک کە زیان لە زەوی کشتوکاڵی بدات بدرێت بە هیچ وەبەرهێنێک، بەڵام ئە بەمانای ئەوەنایەت کە ئێمە ڕێگری دەکەین لە فەرمانبەران کە زەوی وەربگرن، بەڵکو ئێمە ئاسانکاریمان کردووە.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو:؛ شارەوانی کەلار خۆی دەزانێت کە لەسەر داوای خۆیان سنوری ماستەر پلانەکەیان فراوان کردووە و ڕووبەرێکی زۆر زەوی خراوەتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و شارەوانی کەلار و ئەوان دەتوانن لەو زەویانەی لە ژێردەستیانە شوێنی گونجاو دابین بکەن بۆ فەرمانبەرەکانیان و هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە خۆمان نوسراومانکردووە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی سەربە وەزارەت و پێمان ڕاگەیاندون هەوڵبدەن لەگەڵ شارەوانییەکان ئەو شوێنانەی کە بە کەڵکی کشتوکاڵ نایەت دیاریبکەن بۆ شارەوانییەکان بۆئەوەی کاری لەسەر بکەن، بەڵام پێمان باشنییە زەوی بەپیتی کشتوکاڵی بکوژێنرێتەوە.