ڕوانگە - دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە دەستگیرکردنیان و دواتر ئەنفال کردنیان لە لایەن حکومەتی بەعسەوە کەس وکاری یەکێک لەو خێزانانەی کە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتون لە ڕێگەی جلوبەرگەکانیانەوە تەرمی برایەک و خوشکێکی لە یەکێک لە گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا دەدۆزێتەوە.
ئەحمەد عەلی حەمید، کەسوکاری ئەو خێزانەئەنفالکراوە بە پەیامنێری ڕوانگەی ڕاگەیاند:؛ دوای ئەوەی 2024/12/24 لەکاتی هەڵدانەوەی یەکێک لەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی کە ڕوفاتی ئەنفالکراوانی تێدایە لە باشووری عێراق، وێنەی چەند ڕوفاتێکم لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بەرچاو کەوت زانیم ئەوە ڕوفاتی برایەک و خوشکێکمە،
وتیشی:؛ لە ڕێگەی جل و بەرگەکانیانەوە ئەوانم ناسییەوە، چونکە پێش پرۆسەی ئەنفال خۆم ئەو جل و بەرگەم بۆ براکەم کڕیبوو،
ئەحمەد عەلی حەمید، کەسوکاری ئەو خێزانە ئەفالکراوە ڕونیشیکردەوە:؛ خێزانەکەی ئێمە پێکهاتبوون لە هەشت کەس ئەوکات دانیشتوی گوندی (بەکرەشەل)بوین، بەداخەوە لە سەروەختی پرۆسەی ئەنفالدا هەموومان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتین و هێنراینە گوندی (ملەسورە) لە گەرمیان و دواتر لەوێوە ڕەوانەی ( تۆپزاوا) کراین و پاشان ڕەوانەی (نوگرەسەلمان) کراین و لەوێ دایکم و دوو خوشکم و دوو برام، ئەنفال کران و خۆم و دوو خوشکیشم دوای ماوەیەک مانەوەمان لە نوگرەسەلمان ئازاد کراین.