ڕوانگە - (تێبینی: ئەم بابەتە زنجیرە وتارێكە دەربارەی گۆڕانی سەنتەری هاوسەنگ هێز لە كوردستان و خوێندنەوەیەكە بۆ ئەو گۆرانكارییانەی لە ناوچەكە روودەدەن، پێویستە بە شێنەیی بیخوینییەوەو لە بڕیاردان پەلەنەكەی، تا زنجیرەكە تەواو دەبێت، ئەگەر هەر سەرنجیك و پێشنیارێكت هەبێت، بەسوپاسەوە وەردەگیرێت)

گۆڕانكارییەكان لە هاوسەنگی هێزی جیهانی لە قۆناغێكی زۆر هەستیارو مەترسیداردایە، ئەو شەڕە راگەیاندنەی دەكرێت، بۆتە هۆی زۆرینەی خوێندنەوەكان بۆ ئەو دۆخە نوێیە لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە ناتەندروستانە بێت، كە وەك بەشێك لە شەڕ و فریودان و بەڵاڕێدابردنی خەڵك بەكاردەهێنرێت، ئەمە وایكردووە جۆرە فەوزایەك دروست بێت، گەڕەولاژەیەكی سیاسی و هزری وا بێتە بەرهەم، كاریگەرییەكی ترسناكی لەسەر شێوازی بیرركردنەوەو پڕۆسەی بڕیاردان هەبێت، ئەوەی وایكردووە ئەو دۆخە زیاتر ئاڵۆزبێت، ئەو سوپا لە دەستەبژێرە ساختەیەیە، كە وەكو فابریكەیەكی ژەنگاوی رۆژانە هەواڵ و شیكردنەوەی ناڕاست بڵاو دەكەنەوەو زیاتر سەر لە خەڵك دەشێوێنن و راستییەكان دیزە بەدەرخوونە دەكەن، بەڵام جارێكی تر، وەك هەموو نووسینەكانی تر جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە، كە ئەگەر بمانەوێت لەو گۆڕانكارییانە تێبگەین و پێگەی كوردستان لەدوو توێی ئەو ململانێیانە جیهانی و هەرێمییەدا دەست نیشان بكەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ جیوستراتیژیاو خودی ئەو جولانەوانەی لەلایەن كەسایەتییە واتاییە نێودەوڵەتییەكانەوە، واتە ئەو یاریزانانەی لەسەر تەختەی جیهانی و هەرێمیدا كاردەكەن، نەك ئەو لێدوان و بەیاننامەو شیكردنەوانەی دەكرێن و بڵاو دەكرێنەوە، ئەمە یارمەتیمان دەدات زیاتر و واقعیانەتر لە رووداوەكان تێبگەین و هەڵوەستەیان لەسەر بكەین.

لەو روانگەیەوە، ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای كوردستان بكەین، ئەو دیمەنە جیۆستراتیژییەمان دەكەوێتە بەرچاو، کە گۆڕانکارییەکان لە دووبەشی باشوور چڕ بۆتەوە, باشوورى ناوەڕاست, واتە هەرێمى کوردستان و باشوورى رۆژئاوا, واتە رۆژئاواى کوردستان, لە باشوورەوە، مەبەستم لە باشووری جوگرافیای كوردستانی گەورەیە، كە لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە، تاوەكو دەگاتە سەر كەنداو، بەشێوەیەكی فەرمی و دانپیانراو لەژێر چەتری سێ دەوڵەتی جیاوازدا دەژیت، رۆژهەڵات لەژێر دەستی ئێراندایە، باشووری ناوەڕاست لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراق و باشووری رۆژئاواش لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادایە. بەشی باشووری رۆژهەڵات، وەكو هەموو قۆناغە چارەنووس ئامێز گەورەكانی سەدەی بیستەم، لاتەریك كراوە، بۆ نمونە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم لەبەرئەوەی ئێران بەشێوەیەكی فەرمی نەچووە ناو جەنگەوە، ئەگەرچی بووە گۆڕەپانی سەرەكی جەنگ، بەتایبەتی لە جەنگی یەكەمدا بۆیە لەرێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكاندا باسی ئەو پارچەیە ناكرێت، بۆ نمونە لە پەیماننامەی سیڤەرو لۆزاندا  بەهیچ شێوەیەك باسی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكراوە، لە جەنگی دووەمدا ئەگەرچی تا رادەیەك قەوارەیەكی سیاسی لە مهاباد دروست بوو، بەڵام لە ساڵێك زیاتر نەیتوانی بژی و نەخشەی سیاسی دوای جەنگی یەكەم جارێكی تر خۆی فەرزكردەوەو مەسەلەی سەروەری بۆ دەوڵەتان گەڕایەوە ناو فەرهەنگی سیاسی و ئەو دەوڵەتە ناوەندیانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكرا جارێكی تر بەهێز كرانەوە.

هەرچی هەرێمی كوردستانە، لەدوای جەنگی یەكەمەوە خراوەتەوە نێو هاوسەنگییەكی هێزی زۆر ئاڵۆزەوەو بەردەوام بەسەنتەر كراوە بۆ ئەو بزووتنەوە رزگاریخوازییە ساختەیەی، كە لەو بەشەدا گوزەراوە, بۆیە تا بەكۆتا هاتنی شەڕی ساردیش، ئەو بەشە سەقامگیرییەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی و هەمیشە وەك ناوچەیەكی تامپۆنی لەلایەن، هەردوو جەمسەری سیستەمی جیهانییەوە بەكاردەهات، لەهەموو حالەتەكاندا باشوور بووە ئەو بنكەیەی، كە ئیدارەی بزووتنەوەی كورد بكات، وەك لەمێژووی مەدرەسی و باوى كورد نووسراوە، لەبەرئەوەی وەك دواتر دەركەوت، ئەو بەشە نەك سەركردایەتی بزووتنەوەی كوردی نەكرد، بەڵكو بووە ئامڕازێك بۆ لێدانی خەونی کورد لە هەموو بەشەكانی تری كوردستان. هەرچی رۆئاوای كوردستان، لەدوای جەنگی یەكەمەوە لە چوارچێوەی سوریادا نەك هەر سەركوت و تیرۆر كرا، بگرە مافی مرۆڤ بوون و هاوڵاتی بوونیشی پێ رەوا نەدەبینرا، تاوەكو ساڵی (2011) كاتێك ئەو جولانەوەی پێی دەگوترا بەهاری عەرەبی گەیشتە سوریاو دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد رەخسا، لەو بەشەدا کورد لەماوەی سێ ساڵدا (2011-2014)توانی هێزەكانی خۆی زۆر بە باشی رێكبخاتەوەو هەوڵی بەیەكەوە گریدانەوەی ناوچە پچراوەكانی بەو بەشە بدات جۆرێك لە حوكمی خۆجێی دابمەزرێنێت، كە نمونەیەكی نوێ بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خستنەڕووی چارەسەری هزری كوردی بوو بۆ كێشەی كورد نەك هەر لەو وڵاتە، بەڵكو بۆ بەشەكانی تری كوردستانیش!

8\1\2025

بەشی یەكەم