ڕوانگە - سه‌رۆكی یه‌كێتی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری خاوه‌نی ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكان ڕایگەیاند" هه‌ماهه‌نگ ده‌بین تا له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و رێكاره‌كاندا كێشه‌ی ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكان چاره‌سه‌ر بكرێت"، دەشڵێت" نابێت له‌ كوردستاندا مافی هیچ توێژێكی كۆمه‌ڵگه‌ پێشێلبكرێت". 

بەپێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی یه‌كێتی، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی، ئەمڕۆ پێنج شەممە له‌ ده‌باشان چاویكه‌وت به‌ نوێنه‌ری خاوه‌نی ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكان، له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌ری خاوه‌نی ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكان له‌ راپۆرتێكدا كێشه‌ و داواكارییه‌كانیان خسته‌ڕوو و راشیانگه‌یاند" پابه‌ندی رێنمایی و رێكاره‌ یاسایی و ئه‌منییه‌كان ده‌بن و هاوكاری ته‌واوی ده‌زگای ئاسایش و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كان ده‌بن بۆ پاراستنی ئارامی سلێمانی". 

له‌به‌رامبه‌ردا بافڵ تاڵه‌بانی پشتیوانی خۆی بۆ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ دوپاتكرده‌وه‌ و وتی" خۆمان به‌ پارێزه‌ری سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانین به‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانییه‌وه‌، ئه‌ركی ئێمه‌ پاراستنی ماف و بژێوی ژیانی خه‌ڵكه‌ و رێگه‌ ناده‌ین غه‌در و ناحه‌قی به‌رامبه‌ر هیچ كه‌سێك بكرێت". 

سه‌رۆكی یه‌كێتی وتیشی" له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هه‌ماهه‌نگ ده‌بین تاوه‌كو له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و رێكاره‌كاندا كێشه‌ی ئۆتۆمبێله‌ بێسه‌ره‌تاكان چاره‌سه‌ر بكرێت، بێگومان پابه‌ند به‌ رێنماییه‌كانی هاتوچۆ و ئاسایش ئه‌م كاره‌ ده‌كرێت و ده‌بێت یاسا وه‌ك یه‌ك به‌سه‌ر هه‌مواندا جێبه‌جێبكرێت".

له‌ كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌شدا بافڵ تاڵه‌بانی رایگه‌یاند" نابێت له‌ كوردستاندا مافی هیچ توێژێكی كۆمه‌ڵگه‌ پێشێلبكرێت و نادادییان به‌رامبه‌ر بكرێت، پشتیوانی هه‌موان ده‌بین و هه‌رێمێكمان ده‌وێت تێیدا هه‌موان هه‌ست به‌ ئارامی و پارێزراوی بكه‌ن و رێز له‌ مافه‌كانیان بگیرێت".