ڕوانگە - دوای ئەوەی ژمارەیەک گەشتیاریی ئێرانی، لە ڕێگەی دەزگایی میدیایی ڕوانگەوە، نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە ماوەی مانگێکە لە هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخانەوە، کاتێک بە مەبەستی گەشتکردن ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن یاخود دوای تەواوبوونی گەشتەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە زۆر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و دوادەخرێن لە گەشتکردن، ئەمەش بە تەواوی نیگەران و بێزاری کردوون، پەیامنێری ڕوانگە لەگەڵ هەریەک لە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و هەروەها وتەبێژی ئاسایشی هەرێم گفتوگۆی کرد و ئەوانیش ڕایانگەیاند:؛ تائێستا لە گرفتێکی لەوجۆرە ئاگادارنین و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند؛ هەرگەشتیارێک کێشەی هەبێت دەتوانێت بەنوسراوی فەرمی یاخود بێت سکاڵا تۆماربکات و داواکارییەکەی بخاتەڕوو بۆئەوەی بەوردی بەدواداچوون بۆ کێشەکەی بکەین و گرفتەکەی چارەسەر بکەین.
گۆران قادر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕونیکردەوە:؛ داواکارین لەو گەشتیارانە سەردانمان بکەن بۆئەوەی بزانین حاڵەتەکەیان تایبەتە یاخود ئەوانە کەسانێکی تایبەتن کە لەوانەیە ڕێکارە ئەمنییەکان بیانگرێتەوە، چونکە هەمووان دەزانن ئێمە وەکو گەشتوگوزار ئەو ڕێکارانە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
وتیشی؛ باشتروایە هەرگەشتیارێک ئەو تێبینیانەی هەیە سەردانمانبکات، چونکە ئەو گرفتانە لەڕێگەی میدیاوە چارەسەر نابێت و دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لایەنی پەیوەندیدار و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی گشتوگوزار ئاگاداربکەنەوە بۆئەوەی ئەوانیش نوسراویان بۆبکەن و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لێکۆڵینەوە لە کێشەکانیان بکەن.
گۆران قادر، ئاماژەی بەوەشکرد؛ هەندێکجاریش گەشتیار کە گەشت دەکات بۆ وڵاتێک ئەگەر ڕێکارە ئەمنیەکانی تەواونەبێت دەبێت ئەو وڵاتە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکات و دەبێت لە بەرامبەریدا ڕێکارە ئەمینیەکان بگرێتەبەر و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکات و پێویستیشە گەشتیاران کەدەچنە هەروڵاتێک دەبێت پابەندبن بە ڕێکار و یاساکانی ئەو وڵاتەوە،
لای خۆشیەوە، عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان،ڕونیکردەوە:؛ بەدواچوونمان بۆ ئەو پرسە کردووە کە ئێوە خستوتانەتەڕوو تائێستا ئەوەی کە دەوترێت گرفتێکی لەوجۆرە و بەو زەقیە نییە، بەڵام دەکرێت هەندێکجار کەسێک یاخود چەندکەسێک جۆرێک مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت، بەڵام ئەوە نەبووە بە دیاریدە و بەرامبەر بە هەموو گەشتیاران بەوجۆرە مامەڵە نەکراوە وە ئەگەر بەرامبەر بە هەموو گەشتیاران بەو جۆرە مامەڵە کرابێت ئەوا ئێمە دەمانزانی.
عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان،باسی بەوەشکرد:؛ ئەو لێپرسینەوانەشی کە لە گەشتیاران دەکرێت شتێکی ڕۆتیناتە و لە هەموو دونیادا ئەو لێپرسینەوانە لە هەموو گەشتیارێکی دەکرێت و پێویستە لێپرسینەوەش بکرێت، چونکە ئەوانە ڕێنماین و هەندێکجار هەندێک ڕێنمایی هەیە ڕەنگە بێزارکەربن بۆ گەشتیاران، بەڵام ئەوەندەی ئێمە چاودێری دەکەین بەگشتی کاروباری گەشتیاران زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن بەتایبەت لە هەردو مەرزی باشماخ و پەروێزخان، وە هەر گرفتێکی لەجۆرەش هەبێت ئێمە هەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین و وە بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەم پرسە بەدواداچونی زیاتر دەکەین.