ڕوانگە - مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا، هاوڕان لەسەر پرسە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە ئایندەی سوریا. دەشڵێت، لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەد پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا بەهێزتربون.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سكای نیوز، رایگەیاند، كاتێك لە ساڵی 2015، دروستكردنی هێزەكانی سوریای دیموكراتمان راگەیاند، وتمان كە ئەم هێزانە بەشێك دەبن لە سیستمی بەرگری سوریا لە ئایندەدا، ئێستاش ئەگەر پڕۆسەیەكی دروستكردنەوەی سوپایەكی نوێ بۆ سوریا هەیە، ئەوا بەشێك دەبین لەو پڕۆسەیە.

عەبدی وتوشیەتی، ئێمە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا، لەڕوی مەبدەئییەوە هاوڕاین لەسەر پرسە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە ئایندەی سوریا، وەك یەكپارچەیی خاكی سوریا، بەڵام وەك دەزانن وردەكاری كرداریی زۆر هەن كە سورییەكان چاوەڕێی ئەوە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

لەبارەی ئەو كۆنگرە نیشتیمانییەی كە ئێستا لە سوریا ئامادەكاری بۆ دەكرێت، عەبدی وتی، تاوەكو ئێستا بانگهێشت نەكراوین بۆ كۆنگرەكە، بۆچونی ئێمە لەوبارەیەوە ئەوەیە كە نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتەكان و ناوچەكان و هێزە سیاسییەكان بەشداربن لە ئامادەكارییەكانی ئەو كۆنگرەیەدا، هەروەها دەبێت هەمو نوێنەرانی گەلی سوریا كە بەشداری لە كۆنگرەكە دەكەن، رازی بن بە ئەنجامەكانی، بەبێ ئەوە پێم وانییە ئەو كۆنگرەیە سەردەكەوێت.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر خۆیان بەشداری لە كۆنگرەكە دەكەن یان بە وەفدێكی هاوبەش لەگەڵ ئەنەكەسە بەشداری دەكەن، عەبدی وتویەتی، ئێمە پەرۆشین بۆ ئەوەی نوێنەرانی تەواوی پێكهاتەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بەشداری بكەن لە نوێنەرانی هێزە سیاسییەكانەوە بگرە تاوەكو نوێنەرانی پێكهاتەكان لەنێویشیاندا نوێنەرانی هێزە كوردییەكان، ئەمەش شتێكی پێویستە لەپێناو نوێنەرایەتیكردنێكی بەهێزی ناوچەكەمان لە پڕۆسەی دیالۆگی سیاسیدا.

لەبارەی شەڕو پێكدادانەكان دەوروبەری منبج و بەنداوی تشرین، فەرماندەی گشتی هەسەدە وتویەتی، هێزەكانمان تاوەكو ئێستاش پابەندن بەو ئاگربەستەی راگەیەندراوە، بەڵام ناچاریشین بەرگری بكەین لەبەرامبەر هێرشە بەردەوامەكانی ئەو گروپانەی كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن بۆ سەر بەنداوی تشرین.

جەختیشی كردۆتەوە، دەبێت سەرجەم ئەو هێزانەی كە لە سوریا كاریگەرن، بەرلە هەمویشیان ئیدارەی نوێی سوریا، دەستوەردان بكەن و ئەو گروپە چەكدارانە پابەندبكەن بە راگرتنی هێرشەكانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین و كاربكەن بۆ پڕۆسەیەكی ئاگربەستی گشتگیر لە سەرتاسەری سوریا.

عەبدی لەبارەی پێشنیاری داماڵینی كۆبانێ لە چەك، وتویەتی، ئەو پێشنیارەمان كرد لەپێناو چارەسەركردنی ئەو نیگەرانیانەی كە توركیا كرد ونییەتە پاساو لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەیەوە، هێشتا پێشنیارەكەمان ماوە و تاوەكو ئێستا وەڵامێكی نەرێنیمان لەبارەیەوە پێ نەگەیشتوە. هیوادارین لەوبارەیەوە بگەینە رێككەوتنێك چنكە ئەوە شتێكی باشە بۆ هەمو سوریا.

لەبارەی ئەوەی لە قۆناغی داهاتودا چۆن مامەڵە لەگەڵ توركیا دەكەن، عەبدی ئەوەشی خستۆتەڕو، ئێمە هێشتا كار لەسەر هێنانەدی كەمكردنەەوەی گرژییەكان دەكەین لەگەڵ توركیاو هەروەها چارەسەركردنی ئەو گرژییانەی نێوانمان لەڕێگەی گفتوگۆوە، بەڵام بۆ هێنانەدی ئەمە، دەبێت توركیا سیاسەتی هاندانی گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانمان رابگرێت.

فەرماندەی گشتی هەسەدە وتوشیەتی، توركیا، ئەگەر بیەوێت، دەتوانێت كارێكی بونیادنەرو ئەرێنی لە كۆی پڕۆسەی سیاسیی ئێستای سوریادا ئەنجام بدات، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك بكاتە دەرەوەی پڕۆسەكە، لەنێویشیاندا نوێنەرانی پێكهاتەكان و هێزە سیاسییەكان لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا.

عەبدی ئاماژەی بەوەشداوە كە پەیوەندیی نێوان هەسەدەو ئەمریكا لەدوای روخانی رژێمەكەی ئەسەد بەهێزتر بوەو وتویەتی، دەتوانم بڵێم پەیوەندییەكە باشتر بوە، چونكە كەوتنی رژێم بۆشاییەكی ئەمنی گەورەی دروستكرد و داعش بەشێوەیەكی بەهێز ئەمەی قۆستەوەو چەك و توانای نوێی بەدەستهێناو مەترسییەكانی زیاتر بون، ئەوەش بوە مایەی پێویستی زیاتركردنی هەماهەنگییەكانمان لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا.

جەختیشی كردۆتەوە، لای خۆمانەوە وەك هەسەدە كاردەكەین لەسەر پاراستنی و یەكپارچەیی خاكی سوریا و یەكێتی تەواوی پێكهاتەكانی گەلی سوریا.

وتوشیەتی، بۆ ئەوەش دەبێت نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتەكانی سوریا بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسی و زۆربەی سورییەكان رێكبكەون لەسەر شێوازی حوكمڕانی وڵاتەكەیان لە داهاتودا.