ڕوانگە - وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت: ولاتەکەی قەرزداری هەسەدەیە و پێویستە ئەو قەرزە بداتەوە، جەختیش دەکاتەوە لەوەی پێویستە هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سوریا بێتەوە
کریستۆف لوموەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە گفتگۆ لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا رایگەیاند: وەک ئەوەی سەرۆک ماکڕۆن جەختی لێکردوەتەوە پێویستە هۆشیاربین بەرامبەر ئەو قەرزەی لە بەرانبەر هەسەدە و جەنگاوەرانی ئازادی لەسەر شانمانە.
لوموەن ئاماژەی بەوەشکرد، هەسەدە لە ساڵانی سەختی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ فەڕەنسادا بوون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لەبارەی داهاتووی هەسەدە لە سوریا وتی:ئەوەی وەک پرەنسیپ بۆ فەڕەنسا گرنگە، ئەوەیە ئەو هێزانە دەبێت لەناو سوپای نیشتمانی سوریا تێکەڵبنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رەتیکردەوە، هیچ شتێک دەربارەی پەکەکە بڵێت و وتی، "هیچ شتێک لەبارەی سروشتی پەکەکەوە ناڵێم."
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆنفرانسی سیاسەتی دەرەوەدا وتی، جەنگاوەرانی ئازادی وەک کورد بەجێناهێڵن، کە لە جەنگی تیرۆردا لە سووریا هاوپەیمانی رۆژئاوا بوون.