ڕوانگە - لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەریەک لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ لەگەڵ وەزیر و نوێنەری فراكسیۆنە كوردستانییەكانی عێراق بەشدار نەبوون و وتەبێژی حكومەتیش ڕایگەیاند؛  مەسرور بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی ئەوانەی هەست بە بەرپرسیارییەتی دەكەن ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەن.

بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی پابەندنەبوونی حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و خستنەڕووی پێشنیاری كشانەوەی كورد لە بەغدا.

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٥/١/١١  داوا لە سەرجەم وەزیر و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی عێراق كرا ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی  مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان  ئامادە بن، بەڵام هەریەک لە فراكسیۆنی یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوون.

لای خۆیەوە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان  ڕایگەیاند: كۆبوونەوەکە بۆ قسەکردن بووە لەسەر بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستان و دەبوو ئەو لایەنانەش  بەشداری کۆبوونەوەکە یان بکردای، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا وتی، ئەوانەی هەست بە بەرپرسیارییەتی دەكەن ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەن.