ڕوانگە - سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕەفتاری ئێستەی بەغدا بەرانبەری هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە لەوەی دەیانەوێت پەیوەندیی هەولێر و بەغدا ڕاست بکەنەوە.  

کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11-01-2025، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، ژمارەیەک نوێنەری هەرێم لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەشێکی لایەنەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی دەستی پێ کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشەکی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند "ئێمە گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی ئەو ڕەفتارەی ئێستە بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراویش نییە."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "دەبێت ئێمە ئەم پەیوەندییە (پەیوەندیی هەولێر و بەغدا) ڕاست بکەینەوە؛ دەستوورێکمان هەیە و دەبێت پابەندی ئەم دەستوورە بین." باسی لەوەش کرد " ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی لە بەرژوەندیی حکوومەتی فیدراڵی دەریان دەکات، پێوەی پابەند دەبن، بەڵام ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، خۆیانی لێ دەبوێرن."

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی ئەوەشی خستە ڕوو "دەبێت لە ساڵی 2025 کارێکی وا بکەین خەڵکی ئێمە لەو قەلەقە نەفسییە دەربچێت. خەڵکی ئێمە موستەحەقی ئەوە نییە بەم شێوەیە تەعامولی لەگەڵ بکرێت. خەڵکی کوردستان موستەحەقی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەکوو هەموو خەڵکی دیکەی عێراق."

مەسرور بارزانی، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە داوای یەکسانی و مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و داوا دەکەین چ لە ئاستی ئیداری، چ لە ئاستی تەشغیلی بە هەموو جۆرێک. هەموومان، هەموو هەوڵێکی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ئەم کێشە و گرفتانەی هەن ڕاست بکەینەوە و ئیتر پەیوەندییەکی تەندروست لە بەینی هەولێر و بەغدا دروست ببێت." 

وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد "ئەو تەعامولەی ئێستەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تەعامولی کیانێکی فیدراڵی نییە. وەك پارێزگایەك بگرە بچووكتریش تەعامول لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات." 

مەسرور بارزانی دووپاتیشی کردەوە "ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان  تەنیا لە بابەتی مووچەدا کورت بکەینەوە. بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە. سەرقاڵمان بکات بەوەی ئایا مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت یان نا؟ ئەی ئەو هەموو شتانەی دیکە چی؟ 100 ساڵە کوردستان قوربانی دەدات، لەپێناو مووچە بووە یان لەپێناو پێناسە، خاک، نیشتمان، یەکسانی و ئازادی بووە؟"

سەرۆک وەزیران بە وەزیر، پەرلەمانتار و بەرپرسانی کوردی لە بەغدا، گوت: "یەکەم ئەرکی ئێوە، بە ڕای ئێمە و بە ڕای هەموو خەڵکی کوردستان، ئەوەیە کە بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، بەرگریی لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن؛ کە بەداخەوە ئەم بابەتە بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان، ئەگینا ئێمە چەندین خاڵی دیکە هەیە کە دەبێت داکۆکیی لەسەر بکەین. مادەی 140 هێشتا جێبەجێ نەکراوە. بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە. بابەتی پێشمەرگە هێشتا وەکو پێویست چارەسەر نەکراوە. بابەتی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و قوربانیانی رژێمی پێشوو، هەمووی لەبیر چوو."

مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد "هەموومان مووچەخۆر و فەرمانبەری ئیداری و پێشمەرگەمان هەیە، بۆیە نابێت ئینتیمای سیاسی حیزبە سیاسییەکان رێگر بێت لەوەی هەمووتان نوێنەرایەتی هەموو کوردستان بکەن." جەختیشی کردەوە "پێویستە بەرانبەر بەغدا، یەكڕیز و یەكدەنگ بین."