ڕوانگە - بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی ڕەتیکردەوە، ئەو هەواڵەی کە لەبارەی نیازی حکومەتی عێراقەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بڵاوکراونەتەوە. 

عەباس موسەوی نوێنەری ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق لە ئێران کە یەکێکە لە بزوتنەوە دیارەکانی حەشدی شەعبی،  ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی مێهری ئێرانی ڕاگەیاندووە" ئەو هەواڵەی کە باسی لە بوونی پلانی حکومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکەن نادروستە و هەواڵی بێ بنەمان و سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە". 

جەختی لەوەکردەوە کە پەرلەمان و حکومەتی عێراق هیچ پلانێکی داهاتوویان نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی. 

موسەوی ڕاشیگەیاند" میدیاکانی دوژمنانی بەرەی مقاوەمە ئەو چەواشەکارییانەیان سەبارەت بە بوونی پلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بڵاویانکردۆتەوە کە ئەو دەنگۆیانە خزمەت بە پڕۆژەی ئەمەریکا دەکەن لە عێراق". 

هەروەها عەباس موسەوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە ئەنقەست "دەنگۆی بڵاوکردۆتەوە" سەبارەت بە نیازی حکومەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی.

جەختی لەوەشکردەوە کە" محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق زیاتر لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و بەهێزکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی کردۆتەوە کە گەرەنتی سەروەری عێراق دەکەن".