ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لوقمان حەسەن، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: ئەوەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دوای کۆتایهاتنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و جەنگی جیهانی یەکەم و سەرکەوتنی هێزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا بەسەر ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و پیاوە نەخۆشیەکەی ئەوسەردەمەدا، کە قۆناغێکی ڕاگوزەربوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وە کوردستان بەتایبەتی و وە پێکهێنانی ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کە لەسەر ئەرزی نیشتیمانی داگیرکرا و لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە هی گەلانی ناوچەکە کە دروستکرابوو کە دیارە بە ڕێککەوتنی نێوان (سایکس بیکۆ) بوو، کە دوو دیبلۆماتکاری بەریتانیا و فەرەنسا بوو.
ئاماژەی بەوەش دا؛ ئەوەبوو دوای کەوتن و لاوازبوونی ئیمپراتۆرێتیەکە لە دەریایی سپی ناوەڕاستەوە هێزەکانی فەرەنسا هاتن و ئینگلیزەکانیش لە ڕێگەی کەنداوەوە هاتن و لە بەسرەوە داخڵ بوون، لە بەرامبەریشدا کورد لەوکاتەدا نەیتوانی ڕۆڵی کارایی خۆی ببینێ و ئەو هەلە بدۆزێتەوە و نەیتوانی لە وابەستەی بە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی خۆی ڕزگاربکات بۆئەوەی دەست و پەنجەی نەرم بکات لەگەڵ ئینگلیزەکان و فەرەنسییەکاندا، تاوەکو لەو مافە نەتەوایەتیانەی کە بۆ گەلانی ئەم ناوچانە دابینیان کرد بۆ کوردیشیان دابین بکردایە.
وتیشی: ئێمە دەزانین کەسایەتییەکی وەک شێخ مەحمود، بەداخەوە کەوتبووە ژێرکاریگەری عوسمانیەکانەوە و تەنانەت لەگەڵ مستەفا کەمال دا هەر پەیوەندی هەبوو وە چەندین نامە لە نێوانیاندا هەبووە و جۆرێک لە جۆرەکان مستەفا کەمال، شێوازێک لە فەرمانکردنی تێدابووە بۆ شێخ مەحمود و لێرەوە خەڵکیان بردووە بۆ شوعەیبە بۆ خوار بەسرە بۆ شەڕکردن د،ژی ئینگلیزەکان کە ئەمە یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان کە تائێستایشی لەگەڵدا بێت کە وایکردووە خەڵک بپرسێت بۆچی ئینگلیزەکان دەوڵەتیان بۆ کورد دروست نەکردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئە پێمان دەڵێت ئێمەی کورد نەمانتوانیوە دەربازبن لە وابەستەیمان بە دەوڵەتانی هەرێمییەوە و ئێستاش هەمان ڕووداو دووبارە دەبێتەوە.
لوقمان حەسەن، ڕونیشیکردەوە: ئێمە هەتاوەکو نەتوانین ببین بە خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆمان ناتوانین هیچ شتێک بۆخۆمان بەدەست بهێنین و هیچ دەستکەوتێکمان نابێت و ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە عێراقدا بەپێی دەستوور کە ٨٠٪ خەڵک دەنگی پێداوە و زۆربەی ئەو بەرپرسانەشی کە ئێستا لە حکومدان بەشداربوون لە نوسینەوەی ئەو دەستوورەدا د و ئێستا ئەگەر بەگوێرەی ئەو دەستوورەبێت ئێمە دەبێت پابەندبن بە بنەماکانی دەستوورەوە و پابەندبین بە عێراقی فیدراڵییەوە، کەچی ئەوەتا بەهۆی فشاری تورکەکانەوە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی کشانەوە دەکات لە عێراق لەکاتێکدا عێراق بودجەی تەواوی ناردووە بۆ هەرێمی کوردستان و کەچی داهاتی ناوخۆی هەرێمیش نادیارە و هێشتا هەرێمیش هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەکەن لە بەغدا، کە ئەمە کارەسات دەهێنێت بۆنێوماڵی کورد و ئەمە پێمان دەڵێتەوە ئێمە جارێکی دیکە دەبینەوە بە داردەستی تورکیا بۆ تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەکاتێکدا ئێمە نەک خۆمان ئامادە نەکردووە، بەڵکو ئاماژەمان دەکەن بۆ شتی خراپ بۆئەوەی ئەو دەستکەوتەی بەدەستمانهێناوە ئێمە لەناوی بەرین.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە بۆچی دوای ئەم هەموو ساڵە ئێمە نەمانتوانیوە سود لە مێژوو وەربگرین، بۆ جارێکی دیکە ئەم هێزە کوردیاتە دەکەونەوە ژێر کاریگەری دەوڵەتی تورکیاوە؟ لوقمان حەسەن چاودێری سیاسی، باسی لەوەکرد: ئەمانە بەرپرسی کوردنین و ئەمانە لە ڕاستیدا کوردنین، چونکە ئەگەر بەرپرسان دەبێت ئەخلاقی بەرپرسیارێتییان هەبێت و دەبێت هەست بەو بەرپرسیارێتییە مێژوی و سیاسی و ئاینی و نەتەوەییەبکەن کە لەسەر شانیانە، وە ئەمانە کوردنین لەبەرئەوەی ئەجێنداو ستراتیژو بەرنامەی داگیرکەرانی کوردستان جێبەجێ دەکەن، و فەرمان لەوانەوە وەردەگرن، لەبەرئەوە نەمانتوانیوە وانە لە مێژوو وەربگرین.