ڕوانگە  - دوابەدوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، میدیا کوردییەکان وەها بڵاوەیان کردەوە کە سەردانەکەی ناوبراو بۆ گفتوگۆکردن بووە دەربارەی پرسی  بودجە و مووچە و هەروەها گفتوگۆکردن دەربارەی  دۆخی عێراق و  قسەکردن لەسەر  ئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران و تاوتوێکردنی دۆخی سووریا و هەروەها هەمواری یاسای بودجە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان و کێشەی دەروازە سنوورییەکان و بازرگانی و  کێشەی ماددەی 140 .بووە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم هیچ پەیوەندی بەو پرسانەوە نییە و بەتایبەت بۆ پرسی مووچە حکومەتی هەرێم تیمێکی وەزارییان ناردووە، بەڵکو سەردانەکەی بۆ دڵنیایدانە بە ئیدارەی دەوڵەت و لە ناویشیاندا ئیتاری تەنسیقی و سەردانەکەی مەسروور بارزانی، کە کردویەتی بۆ تورکیا.

وتیشی: ئەوسەردانە زۆرپرسی نهێنی لەخۆگرتووە کە ڕەنگە ناوچەکە بەرەو ناڕارامییەکی خەتەرناک بەرن و وە بەشێک لە ڕووداوانە عێراق دەگرێتەوە و بەشێکیشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرێتەوە، کە ئەوە پەیوەندی هەیە بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و غازی قەتەری و و هەروەها نیزامی سیوەفتی ئەمەریکییەوە.

ئەو سەرچاوە ئەوەشی ئاشکراکرد: ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی هەیە بە خستنە لیستی هەندێ لە سەرکردە عێراقییەکانەوە بۆ لیستی خەزانەی ئەمەریکی، هەروەها پەیوەندی هەیە بە فشارەکانی تورکیا بۆسەر عێراق لە ڕێگەی پیادەی پارتی و حکومەتی هەرێمەوە، ئەوەی کە دەوترێت ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم بۆ پرسی مووچە و پرسی ماددەی (١٤٠)ە دورە لە ڕاستییەوە.

ئەو سەرچاوە ڕونیشیکردەوە: پێویست ناکات سەرۆکی هەرێم بۆ پرسی ماددەی ١٤٠ سەردانی هەرێم بکات، چونکە ئەوە پرسێکی دەستوورییە و پێویست بە سەرۆکی هەرێم ناکات و ئینجا پێویست بەم کاتەش ناکات و ئەوە پێویستی بە ڕێکەوتنی سیاسی هەیە کە کاتی خۆی دانراوە و لە بنەڕەتدا ماددەی ١٤٠ بەهانەیەکە.

لەبارەی ئاماددەکارییەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەک کە ئەم ناوچەیە بگرێتەوە، ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستەڕوو: کورد لە ئێستادا دەیەوێت ئەوە وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێت، چونکە دەزانین بەرەی مقاومە دوای سوریا جۆرێک لە لاوازی پێوە دەرکەوتووە و تورکیا زۆر بەچڕی هاتۆتە ناو هاوکێشەکەوە و لە سوریا حزورێکی زۆرباشی هەیەو بووەتە بەدیلی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە ڕاشکاوی دەڵێت: ناچارمان مەکەن بڕیارێک بدەین زیانی عێراق و خۆیشمانی تێدابێت، ئەمە زۆر ڕوونە کە هەرێم هیچ کارتێکی لەبەردەستدا نییە جگە لەو مەسئەلانەی کە دەیەوێت ئاماژەی پێبکات ئەویش ئەوەیە دەیەوێت هەناردەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە ڕێخۆشکردن بێت بۆ ئەو ڕێکەوتنە غازێی لە بەینی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیادا کە لە ٢٠٢٦ تەواو دەبێت، بۆیە تورکیا پێویستی بە سەرچاوەی تاقەهەیە و بە چڕی هاتۆتە ناو مەسئەلەکەوە و بۆیە ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی هیچ پەیوەندی بەو پرسانەوە نییە کە باس دەکرێت، بەڵکو خۆئامادەکردنە بۆئەوەی کە لەژێر پەردەیە شتی زۆر خەتەر دەگوزەرێت.