ڕوانگە - لەو دەمەی داعش لە سوریا و عیراق دەرکەوت و هێزی لەبەر سوپای عیراق بڕی، کوردەکانی باشوور دۆخەکەیان قۆستەوەو بەدەستلەپشتدانی وڵاتی ئیقلیمی کەڵکەڵەی ریفراندۆم و جیابوونەوە لە عیراقێکی لاواز خرایەسەر سەرکردایەتی ئەوکاتی حزبەکانی باشوور، بەڵام زۆری پێنەچوو عیراق هەجمەی مورتەدەی کرد و بە یەکجار دوو گۆڵی کرد، هەم داعشی تێکشکاند و هەم ریفراندۆمەکەی باشووریشی لەهەموو سیناریۆ و پیلانێک بەتاڵکردەوە و تا پێیکرا کوردی بچوککردەوە.
لە بناغەدا دەرکەوتنی داعش و ریفراندۆم هەزەیەکی گەورەبوو کە هێندەی یەک سەدە ئەزموونی بە عیراقدا، ئەگەر ئەو دوو کردەیە نەبووایە هەرگیز عیراق بەوجۆرە بەهێز نەدەبووەوە، بۆیە لەو دەمەوە تا ئێستا ئێمە قوربانی دەستی ریفراندۆمین و بەردەوام لە پرۆسەیەکی بچوکبوونەوە و چوونەوەناوخۆ و تێکشکاندن و لاوازکردنداین لەسەر دەستی بەغدا، هەموو ئەو کەسانەش کە داڕێژەری پیلانەکەبوون لەدوورەوە لەسیناریۆکەیان دەڕوانی و ئێستاش دەڕوانن.
ئەوەی لەئێستادا، هێندەی ریفراندۆم مەترسیدارە، جارێکیتر دەرکەوتنی پیلانێکی ئیقلیمییە لەسەر کوردی باشوور، کۆبوونەوەکەی هەولێر، بۆ پرسی مووچە نەبوو لەگەڵ بەغدا، بەڵکو مووچە بیانوو بوو، ئەم کۆبوونەوەیە فڕێدانی زارێکبوو تا لایەنی ئیقلیمی لە رێگەی چەند حزبێکەوە، قەبارەی مەترسییەکان بۆ سەر بەغدا لە روانگەی ئەمنی، دابەشبوونی جوگرافی، تێکچوونی ناوخۆیی، پیشان بدرێت و بەغداش قبوڵی بکات، بەڵام بەغدا نەک ئەوە ناکات بەڵکو بەبەهیزی دژی دەوەستێتەوە.
دواین خاڵی ئەم پەستانە بۆسەر بەغدا ئەوەیە، ئەگەر وەک پێویست دڵنیایی بەکورد نەدات، ئەوا بەنێوەندگیری ئیقلیمی، کورد لەو هاوپەیمانییە سونییە نزیکدەکرێتەوە! کە رۆژانی رابردوو راگەیەنرا و تارمایی چەندان هێزی قەدەغەکراوی تێدا دەبینرێت.
روانگەیەکی دیکەی پەیامەکە ئەوەیە، تا پەیامێک بدرێتە بەغدا کە هێڵی سیاسی بەغدا و هەژموونداریتان لە ناوچەکەدا بەرەو لاوازی دەچێت و دوورنییە جارێکیتر بەغدا رەنگڕێژ بکرێتەوە، ئەگەر لەگەڵماندا رێکنەکەون چاوەڕێی عیراقێکی بێ کورد بکەن و کورد چاوەڕوانی رووداوی نوێیە بۆ پارچەپارچەکردنی عیراق کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت بیخەنەناو نەخشە و پرۆگرامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێوە.
ئەم کەتنەیتر ئەگەر سەربگرێت، لە ریفراندۆم خراپترمان بەسەر دێنێت، چونکە ئابووری و سیاسی و ئەمنی و دیپلۆماسیمان تێدادەچێت.