ڕوانگە - ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە برایەکی یەحیا سینوار سەرکردایەتی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە دەکات و سەرقاڵی ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی ئەم گرووپەیە.

ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ لە سەر زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە کە لە پاش کوژرانی یەحیا سینوار، برا بچووکەکەی بە ناوی محەممەد سینوار، فەرماندەی کەتیبەکانی عێزەدین قەسام (باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس)، سەرکردایەتی ئەم گرووپە لە کەرتی غەززە دەکات.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسانی حەماس لە قەتەر پاش کوژرانی یەحیا سینوار بڕیاری پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سەرکردایەتییان بۆ بڕیاردانی پێکەوەی دەرکرد بەڵام ئەندامانی حەماس لە غەززە ئەمەیان ڕەتکردەوە و لە ئێستادا محەممەد سینوار سەرکردایەتییان دەکات.

ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە حەماس بە سەرکردایەتی محەممەد سینوار سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە و بەهێزبوونەوە و وەرگرتنی ئەندامی نوێیە و هەوڵ دەدات ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو شەڕێکی درێژخایەن ببات.

محەممەد سینوار تەمەنی ٥٠ ساڵە و ساڵانێکی زۆرە پەیوەندی بە ڕیزەکانی حەماسەوە کردووە و بە هۆی ئەوەی کە تا ئێستا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە دەستگیر نەکراوە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئەو ڕژێمە زانیارییەکی زۆریان لە سەر ئەو نییە.