ڕوانگە - چالاکوانانی مەدەنی و ژینگە پارێزەران لەگەرمیان نیگەرانن لە زیادبوونی ژمارەی سەگی بێلانە و چالاکوانێکی بواری ژینگەش لەگەرمیان ڕایدەگەیەنێت، ئەم ئاژەڵانە بوونەتە مەترسی بۆسەر گیانی هاوڵاتیان و پێویستە ڕێگایەکی گونجاو بگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە مەترسییەکانی ئەم ئاژەڵانە؛.
ئازاد ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژینگه لە گەرمیان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند،؛ ئاژەڵی بێلانە و لە ناویشیاندا سەگ بووەتە دیاریدە و لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و تەنانەت لەناو گەڕەکەکانیشدا بونیان هەیە و ڕێژەکەشیان زۆر بووە، لە ئێستادا بوونەتە مەترسی بۆسەر سەلامەتی گیانی هاوەڵاتیان؛.
وتیشی؛ ئەوڕووداوەی کە لەکەرکوک ڕوویدا بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا و چەنیدنجار دەبینین لە شارەکاندا ئەم ڕووداوانە ڕوویانداوە و بۆیە بوونی ئەم ئاژەڵانە مەترسین لەناو کۆڵان و گەڕەکەکان و شوێنە گشتییەکاندا و لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئەمانە ببنە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی و وەدەکرێت لەڕێگەی پاشماوەکانیانەوە چەندین نەخۆشی دیکە بڵاوبکەنەوە بۆیە دەکرێت لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە بدۆزنەوە ؛.
ئازاد ئەحمەد، چالاکوانی بواری ژینگه لە گەرمیان، ئاشکرایکرد؛ بەپێی یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی ۲۰۲۲ کە لە پەڕلەمان دەرچووە ڕێگەی داوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان پەناگەیەک بۆ ئەم ئاژەڵانە دروستبکەن و لەپاڵ ئەوەشدا میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ ڕێگری کردن لە زۆربوونی ئەم ئاژەڵانە، چونکە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیانکردوەو بەردەوام زیادیش دەکەن و هەروەها یاساکەش ڕێگەی داوە بەوەی کە ئەوانەیان کە نەخۆشن دەتوانرێت لە ناوببرێن بۆئەوەی بەو شێوەیە زیادنەکەن و نەبنە مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان؛.
لای خۆشیەوە، دکتۆر ئاریان ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوەبەری ڤێتەنەری گەرمیان بۆ ڕوانگە، باسی لەوەکرد؛ لەناوبردنی سەگی بەرەڵا و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی یان پێویستی بە پرۆژەیەکی گەورەیە و ناتوانین بەئاسانی لەماوەیەکی زۆر کەمدا دەستبکەین بەکاربردن ؛.
ڕونیشیکردەوە؛ ئەو ڕێگایەی کە لە ئەوروپا گیراوەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی سەگی بەرەڵا کە شێڵتەرێکی تایبەتیان بۆکراوەتەوە و نێرەکانیان دەخەسێنرن بۆئەوەی زیاد نەکەن، ئەمە بۆئێمە زۆر قورسە و کاتێکی زۆری دەوێت؛.
دکتۆر ئاریان ئیبراهیم حەسەن، ئەوەیشیخستەڕوو؛ ئێمە بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە لە ڕابردودا شوێنی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە دانرابوو ،بەڵام بەهۆی گرفت لەگەڵ خاوەن زەویەکەدا بڕیاردراوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە و بەردەوام لە هەوڵداین، چونکە دیاریدەکە زۆر ناشیرینە.
دکتۆر ئاریان ئیبراهیم حەسەن بەڕێوەبەری ڤێتەنەری گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد؛ گرفتی ئێمە لەوەدایە کە لە ڕابردوودا لە ڕێگەی کوشتنی ئەم سەگانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەمان دەدا، بەڵام ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆربوینەوە و ناچاریشین بۆئەوەی بەزووی چارەسەری ئەم گرفتە بکەین پەنا بۆ کوشتنیان بەرین،ئەگینا ڕێگا چارەکانی دیکە پێویستی بە کاتێکی زۆرهەیە و پرۆسەیەکە دورودرێژە.