ڕوانگە - ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ئەمریكا لە داواکارییەکانی توركیا تێدەگات، بەڵام ناكرێت تورکیا بابەتی ئەمنی بكاتە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر كوردەكان.
جۆن كیربی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واشنتۆن لە نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا سەبارەت بە پاراستنی سنوورەكانی بە درێژای سوریا تێدەگات.
دەشڵێت، تورکیا مافی هەیە بەرگری لە وڵاتەكەی بكات لە هەر هەڕەشەك بۆ كۆتایهێنان بەو مەترسیانەش ئەمریكا بەردەوام لەگەڵ ئەو وڵاتە لە دانوستانداین.
ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی ڕاشیگەیاندووە، ئەو مەترسیانەی توركیا هەیەتی ناكرێت بیكاتە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر كوردەكانی سوریا، چونكە واشنتۆن هیچ كات نایەوێت سەرنجی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە بێجگە لە شەڕی داعش بۆ هیچ شتێكی دیكە ڕابكێشرێت.
تورکیا لە سنوری نێوان وڵاتەکەی و سوریادا بەردەوام لەرێگای ئەو گروپە چەکدارانەی هەیەتی لەو ناوچانە هێرشی چەکداری ئەنجامدەدات و لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی مانگی ڕابردووشدا، هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە و هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو ناوچانەش بە ئامانج دەگرێت، بەڵام هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بن لە بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە.