ڕوانگە -چاودێرێکی سیاسی لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، ڕایدەگەیەنێت، تورکیا دەیەوێت ڕۆڵی کاریگەری هەبێت لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، کە ناکرێت وەکوو ساڵانی لۆزان و سایکس بیکۆ، جارێکی دیکە کورد پەراوێزبخرێت.

عادل عەبدولقادر مەجید، چاودێری سیاسی، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛ ئەگەر تەماشای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین تۆزێک گرانە پێشبینی ئەو ڕووداوانە بکەین کە لە داهاتوودا ڕودەدات، چونکە ئەگەر تەماشای ڕووداوەکانی ڕابردوبکەین کاتێک کە بزوتنەوەی حەماس پەلاماری ئیسرائیلی دا زۆر بە خراپی ئیسرائیل دەشێوێنێت، بەڵام دواتر ئیسرائیل بە جۆرێک وەڵامی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەداتەوە کە نەک حەماس بگرە لوبنان و سوریاش تێدەپەڕێنێ، بۆیە قورسە ئەگەر پێشبینی ئەو ڕووداوانەی داهاتوو بکەین کە ئایە لە ناوچەکەدا نەخشەکە چۆن دەگوزەرێت، ئایە نەخشەکە بەشێوەیەکی  سیاسی دەگۆڕێت یاخود بەشێوەی جوگرافی دەگۆڕێت، ئەو دەوڵەتانەی کە بەهۆکاری ئەوەن کە دابەش ببن بەسەر وڵاتاندا ، ئایە عێراقیش دەگرێتەوە یاخود سوریا بەوشێوەیەی کە ئێستا هەیە بە یەکگرتووی دەمێنێتەوە، ئایە هەسەدە دەبێت هۆکاری دابەشبوونی سوریا یاخود نەخێر داخڵی پایتەخت دەبێتەوە و سەرلەنوێ سوریایەکی نوێ بۆخۆیان دروست دەکەن؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایە ئەو جموجوڵەڵانەی کە بەرپرسانی کورد و بەغدا دەستیان پێکردووە چین  و چ خوێندنەوەیەکیان بۆ دەکرێت؟

عادل عەبدولقادر مەجید، چاودێری سیاسی وتی؛جموجزڵەکان تاڕادەیەک فرەڕەهەندن، ئەگەر سەیری تورکیا بکەین ئەوا دەبینین تورکیا دەیەوێت نەخشەیەک لەئارادابێت بۆ گۆڕانکاری، ئەو نەخشەیەی کە ئیسرائیل ئاشکرای کرد گوایە لە دەریایی ناوەڕاستەوە دەچێتەوە سنورەکانی ئێران، تورکیا دەیەوێت لە حاڵێکدا ئەم نەخشەیە ڕاستەقینە بێت ئەوا بۆخۆی دەوری کاریگەری لە دروستکردنی ئەم نەخشە نوێیەدا هەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیاش بۆخۆی نەخشەیەکی هەیە و ناکرێت کورد و عێراق بەتایبەتی ئەم ڕووداوانە کە لە ڕیشەوە وڵاتەکان دەگۆڕن ناکرێت ڕۆڵیان نەبێت و دواتر کە نەخشەکە بێتە ڕاستەقینە و نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت ناکرێت وەکوو ساڵانی لۆزان و سایکس بیکۆ، کورد پەراوێزبخرێت، یاخود تورکیا پەراوێزبخرێت سەرلەنوێ نەخشەیەک دروست ببێت کە دواجار هیچکام لەم وڵاتانەی کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە کاریگەرییان نەبێ بتوانن ئەو نەخشەیەی کە بەپێی خواستەکانی ئیسرائیل بێت و ئەوان پێگەیەکی ئەوتۆیان نەبێت؛.

عادل عەبدولقادر مەجید، چاودێری سیاسی ڕونیشیکردەوە؛ ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە لەگەڵ ئەم ڕووداوانە ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات، بارودۆخێکی جیاوازە و بارودۆخی ئەوان جیاوازە لەگەڵ باشووری کوردستان، هەسدە بڕیاریان داوە تا ئەم ساتە وەختەش داوای ئۆتۆنۆمی و لامەرگەزیەت و فیدرالیەت ناکەن، بەڵکو ئەوان دەیانەوێت لە سوریایەکی نوێدا خاوەنی پێگەی سیاسی و نەتەوەی و کولتوری خۆیانبن، بەڵام بابەتەکە بۆ باشووری کوردستان جیاوازە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی جیۆسیاسییەوە هەم خاوەنی هەرێمێکی فیدراڵییە هەمیش خاوەنی کاریگەرییەکی زیاترە بەراورد بە سوریا، هەرچی باکور و ڕۆژهەڵاتیشە تائەم ساتەوەختە هیچ کاریگەری و ئاسەوارێکی گۆڕانکاری 

بەسەریانەوە دیارنییە، بۆیە دەکرێت کورد گەرەنتی سەرکەوتنی خۆی بەتایبەتی لە باشووری کوردستان دا یەکڕیزی نێوماڵی کورد زیاتر بەرێتە پێشەوە بۆئەوەی ئەگەر نەخشەیەکی گۆڕانکاری لە ئارادا بێت وەلانەخرێت و پشتگوێ نەخرێت.