ڕوانگە -خراپی کارەبای نیشتیمانی و تەواونەکردنی پرۆژەی ڕێگای نێوان (خەلەکان - ڕانیە) نیگەرانی لای دانیشتوانی خەلەکان و گوندەکانی دەوروبەری دروست کردوە و ماوەی ١٠ ڕۆژە ڕێگاکەیان بەڕووی هاتوچۆی هاوڵاتیان دا داخستووە و قایمقامی قەزای دوکانیش ڕایدەگەیەنێت، ئەو ڕێگایە قۆناغی یەکەمی تەواوبوە و قۆناغی دووەمی ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە لەکاتی خۆیدا تەواوبکرێت.
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند." لە ڕابردوودا چەند جارێک کارکردن لەو رێگایەدا ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە داراییەوە کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە نەتوانرا پرۆژەکە تەواوبکرێت و کارکردن تێیدا ڕاگیراوە".
وتیشی، "دوای ئەوەی کە دانیشتوانی ناحێی خەلەکان و گوندەکانی دەوروبەری ناڕەزایەتیان دەربڕی و بۆماوەی ١٠ ڕۆژ ڕێگاکەیان داخست، ئێمە چەندین جار لەگەڵیاندا کۆبوینەوە و لە هەوڵدابوین بۆئەوەی بە هێمنی کێشەکانیان چارەسەر بکەین".
قایمقامی قەزایی دووکان ڕونیشیکردەوە، "داواکاری و پەیامی دانیشتوانی ناحێکەمان گەیاندۆتە سەروی خۆمان لە پارێزگای سلێمانی و نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای تاوتوێکردنی گرفتی پرۆژەکە خۆشبەختانە جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا بە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەو ڕێگایە و لەمڕۆوە ڕیێگاکە بە ڕووی هاتوچۆی هاوڵاتیان دا کراوەتەوە".
لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی کارەبای نیشتیمانیشەوە سیروان سەرحەد قایمقامی قەزای دووکان، ئەوەی ئاشکراکرد،"هەموان دەزانین هەموو ساڵێک لەوەرزی زستان و ناوەڕاستی وەرزی هاویندا گرفتی کەمی کارەبا دروست دەبێت و دانیشتوانی ناحێی خەلەکانیش نیگەرانن لەوەی ئەو بڕە کارەبایەی بۆیان دابینکراوە لە ئاستی پێویستدا نییە و داوادەکەن بۆیان زیادبکرێت بەتایبەت گوندنشینەکان".
سیروان سەرحەد باسی لەوەشکرد،" ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی و کۆنترۆڵی سلێمانی لەسەرخەتبوین بۆئەوەی هیچ نەبێ بەشێوەیەکبێت کە جیاوازی نەکرێت لەگەڵ ناحێکانی دەوروبەریدا، خۆشبەختانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەش گەیشتوین بە ڕێککەوتنێک بەجۆرێک بەرنامەی پێدانی کارەبا دانراوە کە جێگەی ڕەزامەندی هاوڵاتیانبوو، هەربۆیە ئەمڕۆ ڕێگاکە بە ڕووی هاتوچۆی هاوڵاتیان دا کرایەوە".
لە ئێستادا پرۆژەی ڕێگای نێوان (خەلەکان -- ڕانیە) ٤٨% تەواو بووە و بڕی ٥٣ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و هەروەها ڕێکارێکی گونجاو دانراوە بۆئەوەی کە کۆمپانیای جێبەجێکار دەست بەکارکردن بکاتەوە لەو ڕێگایە و قۆناغ بە قۆناغ بودجەی پێویستی بۆ خەرج دەکرێت.