ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی ئاشکراکردنی  پەیامەکانی پشت کۆبونەوەکەی بارزانی و مەزڵوم عەبدی، دکتۆر عەدالەت عەبدوڵا، نوسەر و چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند،  قۆناغی داهاتووی سوریا پێویست دەکات کورد ڕۆڵی تێدابگێڕێت، ئەمەش کۆمەڵێک پێویستی خۆی هەیە لە ڕووی سیاسییەوە کە دەبێت کوردانی ڕۆژئاوا ڕەچاوی بکەن بە هەردوو بەشەکەیەوە بەتایبەتیش لە لایەن هەسەدەوە کە هێزە گەورەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە.

دکتۆر عەدالەت عەبدوڵا، نوسەر و چاودێری سیاسی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: هەندێک زانیاری لەسەر کۆبونەوەکەی نێوان بارزانی و مەزڵوم عەبدی، بڵاو دەبێتەوە تاوەکو ئێستا نە مەزڵوم عەبدی و نە لایەنی پارتیش هیچیان پشتڕاستیان نەکردۆتەوە و هەندێک بابەت باسکراون، بەڵام بێگومان زانیاری ووردو و پشتڕاسکراوە لەبارەیانەوە نییە، ئەوەی کە زیاتر لە سەرچاوەیەکەوە باسی دەکرێت ئەوەیە کە دووخاڵە:

یەکەم/ قۆناغی داهاتووی سوریا پێویست دەکات کورد ڕۆڵی تێدابگێڕێت،ئەمەش کۆمەڵێک پێویستی خۆی هەیە لە ڕووی سیاسییەوە کە دەبێت کوردانی ڕۆژئاوا ڕەچاوی بکەن بە هەردوو بەشەکەیەوە بەتایبەتیش لە لایەن هەسەدەوە کە هێزە گەورەکەی ڕۆژئاوای کوردستانە.

دووەم/ مەسەلەی هەڵبژاردن و دانانی دەستور بۆ سوریا دیسانەوە پێویستی بە هەماهەنگی لەنێوان هەردوو بەشەکەی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، ئەمەش بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەسیاسیانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر هەسەدە و ئەنەکەسە، ڕەنگە کارێکی قورس بێت، لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆئەوەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان کە هیچ گرژییەک ڕونەدات، وە پرۆسەی نوێنەرایەتی کردن پرۆسەیەکی دووسەرەنەبێت و پەرتەوازەیەک لە نوێنەرایەتی کوردی ڕۆژئاوایانەبێت، وە لە هەمان کاتدا ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان پارێزراوبن لە هەموو هەڕەشەیەک ئەویش لەڕێگەی ئەو مەرجانەی کە پێویستە هەبن لە قۆناغی داهاتوودا لە سیاسەتی هەسەدەدا ئەمانە کۆمەڵێک بابەتی گرنگن وە بێگومان هەندێک پەیامیشی تێدابووە.

وتیشی: کۆبونەوەکە هەندێک پەیامی تێدابووە کە وڵاتانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا پەیامێکیان دابە تورکەکان کە ئەوان پاڵپشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، تەنانەت پارێزەری ڕەمزی هێزە سەرەکییەکەی ڕۆژڕاوای کوردستانن کە مەزڵوم عەبدییە، وە هەر خۆشیان ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن لەنێوان هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا وە ڕێکەوتن دروست دەکەن لەگەڵ باشوری کوردستاندا، وە تورکیا ناتوانێت وەکو یاریکەرێکی سەرەکی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناو سوریای نوێدا بکاتە دەرەوە کە ئەوە داخوازییەکی ئەنقەرەیە، کە کۆبوونەوەکە ئەم پەیامانەی تێدابوو وە دەمێنێتەوە ئەوانەی کە لەڕووی مەبدەئییەوە لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەری ڕێککەوتون و ئایە تاچەند جێبەجێ دەکرێت؟ کە ئەمە پێویستی بە چاودێریکردنیش هەیە و ئەمەریکا و فەرەنسییەکان و ئەڵمانیەکان خۆیان لە نێوەندگیریکردن بەردەوامن و ڕەنگە هەر خۆشیان بەشێکبن پرۆسەی چاودێریکردنی ئەو خاڵانەی کە بەشێوەیەکی مەبدەئی لەسەری ڕێککەوتون.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە ڕۆژئاوا و بەتایبەت هەسەدە، تاچەند دەتوانێت سود لە ئەزمونی باشوور وەربگرێت لەکاتی نوسینەوەی دەستوری نوێ لەسوریا؟

دکتۆر عەدالەت عەبدوڵا، نوسەر و چاودێری سیاسی ئەوەی خستەڕوو: کێشەیەکی گەورە لە ڕێگەدابێت لە مەسەلەی نوسینەوەی دەستوری سوریایی نوێ ئەوەیە کە نە بەڕێوەبەرانی ئیدارەی سوریای نوێ زۆر پەلەیانە بۆ نوسینەوەی دەستوور هەم دەوڵەتی تورکیاش دەیەوێت لەمەیدان و لەسەر ئەرزی واقع هەندێک دیفاکتۆ و هەندێک تەوازوناتی سیاسی هەیە لەناو نەخشەی سووریادا دەستکاری بکات دوای ئەوە گفتوگۆ دەستپێبکات وە ڕەشنوسی دەستور پێشکەش بکرێت و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، کە ئەمە تۆزێک مەترسیدارە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا، هەرچی لایەنی کوردستانییە بێگومان تێزی خۆیانیان هەیە کەچۆن مافی کورد لەناو دەستوری نوێی سوریا بنوسرێتەوە وە ئەوەتا ئەو جموجوڵانەش بۆ دروستکردنی ڕێککەوتنە لەبەینی هەسەدە و ئەنەکەسەدا، ئەگر بێگومان دەستێوەردانی دەرەکی کاریگەری گەورەتری نەبێت لەسەر مەجرای ڕووداوەکان، وە ئەوەی پەیوەندی بەلایەنی کوردییەوە هەبێت ئامادەکاری کردووە کە چۆن داکۆکی لەمافی خۆیان بکەن و وە ئەزمونی عێراق لەگڵ سووریادا جیاوازە.

دکتۆر عەدالەت عەبدوڵا، نوسەر و چاودێری سیاسی ئاماژەی بەوەشکرد: لە عێراقدا خواستێکی بەهێز هەبوو بۆئەوەی دەستووری هەمیشەی هەبێت، چونکە عێراق بەدرێژایی مێژوو دەستووری هەمیشەی نەبوو، بەڵام ئەم خواستە لەسوریایی ئەمڕۆیا نابینرێت، چونکە ئێمە لانیکەم لەسەر زاری ئەحمەد شەرعەوە بیستمان کە ئەوان پێویستیان بە چوارساڵ هەیە بۆ خۆ ڕێکخستنەوە ئەمەش بێگومان دەلیلی ئەوەیە کە ڕەنگە هەندێک ئەجێندای پێشوەخت هەبێت بویسترێت جێبەجێ بکرێت ئەوسا بیر لە چارەسەرکردنی دۆخی تایبەتی کۆمەڵگەی سوری بکرێتەوە ئەمەش گومان دروست دەکات، بۆیە هیوادارین گوشاری نێودەوڵەتی ئەوەندە بەهێز بێت کە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی سوریا هەنگاوی یەکەمیان بۆ ڕێکخستنەوەی وڵاتی سوریا بریتی بێت لە گەڵاڵەکردنی دەستورێک کە ڕەنگدانەوەی خواستی هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی سوریای تێدابێت.