ڕوانگە - لەپاش ئەوەی باشوری کوردستان بە بڕیارێکی ناڕەوا و بێویژدانانە دەخرێتە سەر عێراق بە مەرج .ئیدی کورد لەم پارچەیە چاوەڕێی ڕزگاربوونە. بەڵام کاتێک دەبینێت ڕۆژبەڕۆژ ستەمی لێدەکرێت دەکەوێتە پەرچەکردار و هەوڵی دەربازبوون لەو چوارچێوە ناچارییەی تێیدا قەتیس کراوە . لە هەندێک قۆناغدا کە حکومەتەکانی بەغدا لاوازبوون ناچاربوون دانوستان لەگەڵ کورد بکەن بەمەبەستی تێپەڕاندنی قۆناغەکە و بەهێزبوونەوەیان . ئەم تاکتیک و فێڵە نەبووە وانە بۆ کورد ،زۆر هەنگاو و فرسەتی باش هاوتوونەتە پێش بۆ کورد بۆ دەربازبوون بەڵام وەک پێویست سوود لەوهەل و فرسەتانە وەرنەگیراوە .بەهۆی چەند هەڵەیەک لە سیاسەت و بیرکردنەوە و پلانەکان . بەتایبەت لە ٢٠٠٣ و ٢٠١٤ .
بۆ بەرواری یەکەم (٢٠٠٣) کورد بە هەموو سیاسی و نوخبە و دۆستەکانیەوە ئومێدی لەڕادەبەریان لەسەر نوسینەوەی دەستور و چەسپاندنی خواست و داواکاریەکان بوو تا ڕادەیەک ئەوەی توانرا چەسپێنرا ،هەر وەک عەرەبەکان دەڵێن :(دەستوری هەمیشەیی عێراقی نوێ بە دڵ و خواستی کورد نوسراوەتەوە ) بەڵام ئەم هەنگاوە گرنگە وەک پێویست و ئەوەی چاوەڕێ دەکرا نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە ، چونکە عەقڵیەت و بیرکردنەوەی ئەوەی بەغدا بەڕێوەدەبات هەمان ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنی و داخراوەیە کە درێژکراوەی سەدساڵی ڕابردووە . ئێمەی کورد کوشتەی کێشە هەستیە لەڕادەبەدەر و بیرچوونەکانمانین . بۆ بەرواری دووهەمیش (٢٠١٤) پاش کشانەوەی سوپای عێراق لەتەواوی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عراق و شام (داعش ) فرسەتێکی زێڕینی تر بوو کە کورد دەبوو بڕیاری قورس و گرانی بدایە لەبارەیانەوە . بۆیە دەبێت کورد دان بە هەڵەکانیدا بنێت و وانەیان لێوە فێرببێت و دووبارەیان نەکاتەوە. خوێندنەوەی زانستی بۆ هەڵەکان و نەخشەسازیی بۆ پلانەکان بکات سەرلەنوێ ، ئامانجە سەرەکی و ستراتیجیەکان دیاریبکاتەوە .
بەکارهێنان و قۆستنەوەی موعادەلە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بە ئامانجی فشاری زیاتر لەسەر دەوڵەتی عێراق بۆ بەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکان .
کورد دەبێت ئاستی داواکاریەکانی بەرز بکاتەوە و بە تۆن و ئاواز و ڕیتمی جیاواز و دبلوماسی و عەقلانی داوابکاتەوە . نەک وەک ئێستا کە تەنها چەند ملیارێک کە بە سەدەقە و ئیحسانی دەزانن پێیان وابێت کە ئیتر ئەوە هەموو ئامانجی کوردە . فراوانکردنی پەیوەندیە سیاسی و کلتوری و ئابووریەکان و زیادکردنی کەناڵی فشار بۆ سەر دەوڵەتی عێراق زامنی گوێگرتن زیاتر دەکات .
تەیارکردنی ڕاگەیاندن بە پلان و دروستکردنی لۆبیەکی گەورەی جیهانی بۆ نیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی عێراق لەڕێی دۆستەکانەوە لە جیهان .ئاشتکردنەوەی میللەت و ئامادەکردنی بۆ هەر هەنگاوێکی کتوپڕ و نەخشەبۆ کێشراوی داهاتووی نزیک و دوور .