ڕوانگە -بڕینەوە و لەناوبردن و سوتانی ژمارەیەک دار لە ناحێی ڕزگاری سەربەقەزای کەلار نیگەرانی لای هاوڵاتیان و ژینگەدۆستانی ناحێکە دروست دەکات و چاودێری باخچەکانی ناحێکەش ڕایدەگەیەنێت، ئەو دارانە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ژینگەی ئەو ناوچەدا ناگونجێت بۆیە هەستاون بە لابردنی و لە بەرامبەردا ژمارەیەک دار و نەمانی دیکەیان ناشتووە کە زۆر گونجاوە لەگەڵ ژینگەی ناوچەکەدا.
یاسین حەمەئەمین ئەحمەد چاودێری باخچەکانی ڕزگاری بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛ ئەو دارانەی کە لەناومانبردون داری قەڵەم تۆزن و لەپاڵ ئەو دارانەدا ژمارەیەک داری ئەلبیزیامان ناشتووە، چونکە ئەو دارانە گونجاون لەگەڵ ژینگەی ناوچەکەدا، ئەمە جگەلەوەی ئەو شوێنەی کە داری قەڵەم تۆزەکانی تێدایە هێڵێکی کارەبا بە شوێنەدا تێدەپەڕێت و ئەمەش دیسانەوە ناچاری کردووین لەناویان ببەین.
وتیشی؛یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی وایکردووە ئەو دارقەڵەم تۆزانە لەناوببەین ئەوەیە کە ئەودارانە زوو دەشکێن و لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارێکی سەرەکین بۆ پیسبوونی شارەکە، بۆیە ئێستا لە بەرنامەماندایە هەموو ئەو دارقەڵەم تۆزانەی کە لە ناو گەڕەک و پارک و شەقام و شوێنە گشتییەکاندا هەیە لەناویان ببەین و بەجێگەی ئەوان داری ئەلبیزیا بچێنین؛.
یاسین حەمەئەمین ئەحمەد ڕونیشیکردەوە؛ ئێمە جگە لە ناوشار ساڵانە نزیکەی ٢٠ هەزار نەمام لە شەقام و شوێنە گشتییەکان و ناوچەکانی دەرەوەی ناحێکە و تەنانەت گوندەکانیش دەنێژین، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد لە ڕابردودا داری ئەلبیزیا و چناری هۆڵندی و داری جوان نەبوو تەنها قەڵەم تۆز هەبوو بۆیە تەنها قەڵەم تۆزیان ناشتووە و قەڵم تۆزیش لەگەڵ ئەوەی سیمایەکی جوان بەشارەکە نابەخشێ لەگەڵ ئەوەشدا هۆکارێکە بۆ پیسبوونی ژینگە بۆیە ئێستا نەمامی دیکە دەنێژین.
یاسین حەمەئەمین ئەحمەد چاودێری باخچەکانی ڕزگاری ئاشکرایشیکرد؛ ماوەی پێنج ساڵ دەبێت بە چڕی دەستمان کردووە بە ناشتنی نەماو و سەوزکردنی ناحێکە و خۆشبەختانە لە ئێستادا ڕێژەی سەوزایی لە ناحێی ڕزگاری گەیشتۆتە ١١% ئەم ڕێژە لەکاتێکدایە کە ڕێژەی سەزای پیش ئەو پێنج ساڵە ١% بوو، هەرچەندە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەبێت ڕێژەی سەوزایی بگاتە ١٦%، بەڵام بەو ڕێژەیەی ئێستاش هەر لە پلەی یەکەمداین لەسەر ئاستی گەرمیان و هەوڵ دەدەین هەر بە یەکەیەمیش بمێنینەوە و بۆئەوەش پلانی تایبەتمان هەیە لە داهاتوودا.