ڕوانگە - ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردوهتەوە، دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی نوێی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەئارامگرییو نەرمی دەناسرێتەوە، کە ڕەنگە ئەمەش دەرگا بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەچەند مانگی داهاتودا بکاتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، گفتوگۆ چڕەکانی ئەمدواییە ئاماژەن بۆ پێشکەوتن بەرەو ئەگەری ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیدارەی نوێی سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئەو سەرچاوانەی کە ڕاستەوخۆ بەشداربون لەم دانوستانانەدا، پشتڕاستیانکردوهتەوە کە “دیپلۆماتکارانو کارمەندانی سەربازیی لەئەمریکا، تورکیاو سوریا، لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، نەرمییو سەبرێکی زیاتر نیشاندەدەن لەوەی کە لێدوانە گشتییەکاندا ڕەنگدەداتەوە".
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردوە، ڕەنگە ئەم شێوازە لەدانوستان لەچەند مانگی داهاتودا ڕێککەوتنێکی لێبکەوێتەوە کە بریتی بێت لەدوبارە بڵاوپێکردنەوەی بەشێک لەهێزەکانی سوریای دیموکرات لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان)و بەشێکی دیکەیان لەژێر چاودێریی وەزارەتی بەرگریی سوریا یەکبخرێن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، زۆر کێشەی ئاڵۆزکراو هەن کە هێشتا پێویستە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە لەوانە تێکەڵکردنەوەی هێزە ڕاهێنراوەکانی هەسەدە بۆ پێکهاتەی ئەمنی سوریا، هەروەها چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر کە بریتین لەسەرچاوە ستراتیژییەکانی وەک کێڵگە غازییو نەوتییەکانو زەوییە کشتوکاڵییە دەوڵەمەندەکان.