ڕوانگە - نێردەی ئەڵمانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای دیالۆگی هاوبەشی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و تەحریری شام دەکات بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لە سووریا.

تۆبیاس تونكل، نێردەی ئەڵمانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی شاری حەسەکەی کرد و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبووەوە.

تونکل ڕایگەیاند" لەگەڵ مەزڵوم عەبدی باسی ئەو پرسە هەنووکەییانەمان کرد کە دەبێت لە ڕێی دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەستەی تەحریری شامەوە چارەسەر بکرێن".

وتیشی" دەکرێت ماف و بەرژەوەندییەکانی کوردانی سووریا لە ڕێی دیالۆگی ناوخۆیی سووریا لەگەڵ دیمەشق بە باشترین شێوە بپارێزرێت".

نێردە ئەڵمانییەکە ڕاشیگەیاند، هەر لە دیدارەکەیدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی هەوڵە هاوبەشە بەردەوامەکانی دژی داعشیان تاوتوێ کرد.