ڕوانگە - بارەگای مەسعود بارزانی دەڵێت، سەرۆک بارزانی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە کۆبووەوە و "لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا و سەردانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ لای سەرۆک بارزانی تاوتوێ کرا".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا کرد.
 
بەپێی بارەگای بارزانی، "لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە یەکڕیزی و هەماهەنگی و کاری هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا کردەوە".
16ی کانوونی دووەمی 2025 سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد. 
 
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی "لەو دیدارەدا، دۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا، هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا، تاوتوێ کرا".
 
رۆژێک دوای کۆبوونەوەکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبارەی کۆبوونەوەکە لە پۆستێکی ئێکس دا نووسی "کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگەی دڵخۆشی بوو".
 
مەزڵووم عەبدی گوتیشی "باسی ئەو گۆڕانکارییانەمان کرد کە سووریا پێیاندا تێدەپەڕێت و پێکەوە جەختمان لەوە کردەوە؛ پێویستە هەڵوێستی کورد لە سووریا یەک بێت و دەبێت ئەو دیالۆگەی لەگەڵ شام دەکرێت، بەشێوەیەکی ئاشتییانە مافی گەلی کورد بپارێزێت؛ هەروەها جەختمان لەوە کردەوە کە گرنگیی یەکێتیی کورد و ئارامیی ناوچەکە بەگشتی بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێکەوە هاوکار دەبین".