ڕوانگە - پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و سێ پڕۆژە یاسای پەسندکردن. هەر یەکێک لە پڕۆژەیاساکان پەیوەندی بە یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانەوە هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21-01-2025، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. دانیشتنەکە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی کرێی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی.
ئەو پڕۆژەیاسایانەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پەسندی کردن:
- پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان
- پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی ژمارە 27ی ساڵی 2016
- پێشنیازی یاسای باری کەسێتیی ژمارە 188ی ساڵی 1959
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان داواکاریی سەرەکیی کورد بوو، تورکمانیش پاڵپشتی دەکرد. کورد چەندین مانگ بوو داوای دەنگدان لەسەری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
دوای تەواوبوونی دەنگدان بە پڕۆژە یاساکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سوپاسی هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کرد و گوتی، ئەوەی بەدەستهات ئەنجامی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بوو.
یەکێک دیکە لە پڕۆژەکان کە دەنگی پێدرا پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی بوو کە داواکاریی سوننەکان بوو.
پڕۆژە یاساکەی دیکەش بریتی بوو لە هەمواری یاسای باری کەسێتی کە داواکاریی شیعەکان بوو.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق "هەنگاوێکی ئێجگار گەورەی نا" و هەموو ئەو زەوییانەی درابوون بە وەزارەتەکان یان دەستیان بەسەرداگیرابوو، دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، دەنگدان بەو پڕۆژەیاسایە لە ئەنجامی یەکێتی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان بوو لە بەغدا، هیوایشی خواست لە هەرێمی کوردستانیش لایەنەکان یەکڕیز بن.