ڕوانگە - بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی سەبارەت بە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی كورد و توركمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوكردەوە و دەڵێت،” سوپاسی زۆرمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، هەموو ئەو پەرلەمانتار و كوتلانەش دەكەین كە هاودەنگ و پشتیوانمانبوون لە سەرخستنی هەوڵەكانمان و گەڕانەوەی ماف بۆ هەموو ئەوانەی دەیان ساڵە مافەكانیان زەوتكراوە”.

لە پەیامەكەیدا هاتووە، لە دڵەوە سوپاس و پێزانینی بێپایانم ئاڕاستەی نوێنەرانی كورد لە بەغداد دەكەم بۆ یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییان سەبارەت بە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە گەڕاندنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی كورد و توركمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

دەشڵێت، “هەروەها سوپاسی زۆرمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، هەموو ئەو پەرلەمانتار و كوتلانەش دەكەین كە هاودەنگ و پشتیوانمانبوون لە سەرخستنی هەوڵەكانمان و گەڕانەوەی ماف بۆ هەموو ئەوانەی دەیان ساڵە مافەكانیان زەوتكراوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، یاسای هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەك لە بڕیارەكانی بەعسی رووخاو كە دوای 50 ساڵ لە پڕۆسەی تەعریبە، هەزاران دۆنم زەوی دەگەڕێنێتەوە بۆ گەلی كورد و توركمان لە سنوورەكانی كەركوك، خوورماتوو، خانەقین، مەندەلی و دەشتی نەینەوا و دەرفەتێكی گرنگیشە بۆ ئێمەی كورد تاوەكو پێكەوە لە داهاتوودا بە یەكگرتووییەوە بەرگریی لە مافی كەسوكار و هاونیشتمانیانمان بكەین لە سەرجەم ناوچە جیاوازەكان و پارێزگارییان لێبكەین.

سەرۆكی یەكێتی دەشڵێت، “لەم دەرفەتەدا سوپاسی نوێنەرەكانی یەكێتی دەكەم لە بەغداد كە پێكەوە بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و خۆنەویستییەوە توانییان كۆدەنگییەكی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم بڕیارە مێژووییە دروستبكەن”.