ڕوانگە - کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دارایی هەرێم و عیراق لە پێناو چارەسەرکردنی پرسی مووچە و بودجەی هەرێم بەردەوامی هەیە و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و پەرلەمانتارێکی یەکێتی ئاشکرای دەکەن کە "مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم نافەوتێت".
سروە محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند" لە گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق باس لە بارەی مووچەی مانگی ١٢ و مووچەی مانگی یەک کراوە، بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێم بکەن و بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە بکەن کە ساڵی ڕابردوو نێردراون بۆ هەرێم تا بدرێتە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران.
ئاشکراشی کرد شاندەکەی هەرێم بە دارایی عێراقییان وتووە ئێمە ئامادەین سەدا ٥٠ی داهاتی ناوخۆتان ڕادەست بکەین، ئێوەش بەشە بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا و لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکەن".
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند" باس لەوەکراوە کە هاوتاکردنی خانەنشینی تەواوی توێژەکان بگرێتەوە و ئەو سێ تەمەنەش کە بڕیارە خانەنشین بکرێن لە بری مووچەی شەش مانگ، هاوشێوەی خانەنشینانی عێراق مووچەی ١٢ مانگ وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد گفتوگۆکراوە لەسەر ئەوەی لەمساڵدا خانەنشینی سەربازیش هاوتاکردنیان بۆ بکرێت و وەک خانەنشینی مەدەنی مووچەکانیان زیاد بکات.
لای خۆشیەوە هەر ئەمڕۆ هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی حزبەکەی کوردستان راگەیاند" کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ وەفدی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر پشتگیری لە شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی خەڵکی کوردستان بوو، هاوڕاش بووین کە تیمی بەغدا و تیمی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بەردەوام گفتوگۆ لە نێوانیاندا هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە رابردوودا هەبووە، دووبارە نەبێتەوە و چارەسەری بنەڕەتییان بۆ بدۆزرێتەوە".
دەشڵێت" هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو کرا و وەفدی دارایی هەرێم دڵنیاییان دا کە ئەو مووچەیە نافەوتێت،چونکە مافی مووچەخۆرانە کە مووچەی تەواوی خۆیان وەربگرن".