ڕوانگە - میدیای پەکەک بڵاوی کردەوە؛ لە باتیفا دەوڵەتی تورک بۆردوومانی پاسەوانی سنووری کرد و قوربانی هەیە.

ڕۆژنیوز ڕایگەیاند: دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکان و سوپای داگیرکەری تورک لە سنووری شارەدێی باتیفا ڕوویدا، سوپای داگیرکەری تورک بۆردوومانی خاڵێکی پاسەوانی سنووری عێراقی کرد، بە هۆیەوە دوو پاسەوان کوژران و دانەیەکی دیکەش برینداربوو.

لە هەواڵەکەدا هاتووە: پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سوپای داگیرکەری تورک لە چوارچێوەی پیلانگێڕییەک بۆ ڕەشکردنی ناوی گەریلا بۆردوومانی خالێکی پاسەوانی سنووری عێراق لە گوندی شیلانی سەربە شارەدێی باتیفای شارۆچکەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک کرد.

بەپێی سەرچاوەکانی ڕۆژنیوز، ئەمڕۆ شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکان و سوپای داگیرکەری تورک کە چەندین بنکە و بارەگای سەربازییان لەو سنوورە هەیە ڕوویداوە، لەو کاتەدا سوپای داگیرکەری تورک بە هاوەن بۆردوومانی خاڵێکی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق کە بنکەکە نزیکی شوێنی پێکدادانەکە بووە کردووە.

بەپێی زانیارییەکان بەهۆی بۆردوومانەکەوە دوو پاسەوان کوژراون و دانەیەکی دیکەش برینداربووە.

پێشتریش چەندین جار سوپای داگیرکەری تورک ڕاستەوخۆ بۆردوومانی هێزەکانی زێرەڤانی لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووە و ئامانجی ئەوە بووە کە بیخەنە ئەستۆی پەکەکە، بەمشێوەیەش ناوی پەکەکە لە ناو گەل و خەڵکی سنوورەکە و عێراقدا ڕەش بکەن.