ڕوانگە - بەرپرسێکی باڵای پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، بەهۆی شەڕێکەوە لەگەڵ پەکەکە لە سنووری ئیدارەی زاخۆ دوو سەربازیان گیانیان لەدەستداوە. پەکەکەش تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر شەڕەکە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 24-01-2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرووپێکی سەربازانمان لە گەڕاندابوون لە سنوور، لەو شوێنە پەکەکەی لێبووە و تەقەیان لێکردوون، دواتر پێکدادان دروستبووە و لە ئەنجامدا دوو سەربازمان کوژراون و یەکێکیش بریندارە".
رووداوەکە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێوان گوندەکانی سۆریا و شیلان بووە لە سنووری زاخۆ. بەرپرسەکەی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێنەی شەڕەکەی تێدا دروستبووە بنکەی پاسەوانی سنووریی لێ نییە و ئەو سەربازانەیان لە گەڕانێکی ئاساییدا بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ناویان عەلی رەمەزان ئیسماعیل، دانیشتووی قەزای سێمێلە و ئەوی دیکەش ناوی مێهڤان ناجی میرشەرەفە و دانیشتووی سنووری پارێزگای دهۆکە. ئەوەشی بریندار بووە ناوی ناوی بێوار جەلیل ئیبراهیمە لە فریاکەوتنی زاخۆ چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستیی جێگیرە.
ئەو دوو پاسەوانە کوردن و دانیشتووی دهۆکن. عەلی رەمەزان خەڵکی کۆمەڵگەی مسیریکێ یە لە قەزای سێمێل و تەمەنی 38 ساڵە و خاوەنی 7 منداڵە. مێهڤان ناجی تەمەنی 41 ساڵە و خەڵکی سەنتەری شاری دهۆکە.
ئەو شوێنە ناوچەی سنوورییە و چەندین بنکەی ئێمەی لێیە. بەرامبەرمان چەند بنکەیەکی سوپای تورکیا هەن؛ شەوی رابردوو سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر پەکەکە و ژمارەیەک کوژراویان هەبوو، ئەمڕۆ پەکەکە ئەو هێرشەی دژی ئێمە کردووە، کە نازانین هۆکارەکەی چییە، چونکە هیچ کاتێک شەڕ لەنێوانمان نەبووە.
پاسەوانی سنووری عێراق- ناوچەی یەک، ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە و لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە حکومەتی عێراقن، بەڵام سەربازەکانی ئەو هێزە لەو ناوچەیە خەڵکی هەرێمی کوردستانن.