ڕوانگە - ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێگەی بە 148 خێزانی عێراقیدا كامپی هۆل جێبهێڵن، ئامادەكاری بۆ گەڕاندنەوەی سورییەكانیش دەكات.

ڕۆژی شەممە25-1-2025 ژمارەیەكی زۆری عێراقی كە ژمارەیان 148 خێزانە كامپی "هۆل”یان لە باشوری شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان جێهێشت، لە سەرەتای دەستپێكردنی هەماهەنگی نێوان حكومەتی عێراق و بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان بۆ گەڕانەوەی پەنابەرە عێراقییەكان لە كامپەكەدا، ئەمە 20هەمین كاروانی گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانەیە و دووەم كاروانە لە ساڵی 2025دا.

بە هەماهەنگی عێراق

بەوتەی میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، 578 عێراقی كە 148 خێزانن، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەمڕۆ كامپەكەیان بەجێهێشتووە.

ساڵی ڕابردوو، كەریم نوری، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندبوو:"ئەو كەسانەی كە مەلەفی ئەمنییان هەیە یاخود دەستیان هەیە لە رشتنی خوێنی عێراقییەكان ناتوانن بگەڕێنەوە وڵات". وەك ئاماژەدان بەو عێراقییانەی لە كامپی هۆڵی رۆژئاوای كوردستانن.

وتیشی:"نزیكەی 54 هەزار كەس لە كامپی هۆل هەن كە 20 هەزاریان عێراقیین و چوار هەزار عێراقیش لە كەمپەكە گەڕاونەتەوە".