روانگە - جێبەجێکردنی بریاری خانەنشین کردنی مامۆستایان و فەرمانبەران گرفتی گەورە بۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلاریش ڕایدەگەیەنێت،یاسای خانەنشیکردنی سێ تەمەن بەجارێ کەلێنێکی زۆر دروستدەکات بەتایبەت لە ناوەندەکانی خوێندن تاڕادەیەک دەبێتە هۆی شپرزەیی و کەم بوونەوەی میلاک.
مامۆستا عەدالەت لەتیف بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛یاسای خانەنشیکردنی سێ تەمەن بەجارێ کەلێنێکی زۆر دروستدەکات بەتایبەت لە ناوەندەکانی خوێندن تاڕادەیەک دەبێتە هۆی شپرزەیی و کەم بوونەوەی میلاک بە نموونە لەسنوری پەروەردەی کەلار زیاتر لە 150 مامۆستا خانەنشین دەبێت ئەمە لە کاتێکدا تەنها وەرزێک ماوە بۆ تەواو کردنی ساڵی خوێندن لە ئێستایشدا هیچ دانانێک نیە لە جێگەیان،
وتیشی؛بۆیە داوا دەکەین لە وەزارەتی پەروەردە و ئەنجومەنی وەزیران لەبەر ڕێز و ماندوو بوونی چەندساڵەی خزمەتی مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و خەمی خۆیندکاران و پاداشت کردنیان، پێشنیار دەکەین ئەم چەند مانگەی وەرزی دووەم کە ماوە لەسەر مامۆستایان و سەرپەرشتیاران بووەستن تاکو کۆتایی مانگی حوزەیران پاشان بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت یان خانەنشین بکرێن و لە جێگاکانیان بمێننەوە هەموو ماف و شایستە دارایەکانیان پێبدرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە بەردەوامی هەبێت و ساڵی نوێی خوێندن کاربکرێت بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکانیان.
مامۆستا عەدالەت لەتیف ئاشکرایکرد؛ لە ڕابردوودا پلانێک هەبوو لەناو وەزارەتی پەروەردە دا هەرکات بڕیاری خانەنشین بونی مامۆستا لە ناوەڕاستی خوێندندا دەرچووبایە بەتایبەت مامۆستایانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەوا دەیتوانی درێژە بە وانەوتنەوە بدات تاوەکو ٦/٣٠ و دواتر لە ٧/١ ەوە جیابوونەوەی بۆ دەکرا، چونکە مامۆستایان پسپۆڕییان هەیە و پەیوەستن بە مەسیری خوێندکارەوە، بۆیە لە ڕوی دەرونییەوە کاریگەرییان لەسەر دەرونی خوێندکار هەیە.
مامۆستا عەدالەت لەتیف بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار ڕونیکردەوە؛ ئەگەر هاتوو نەتوانرا ئەو داواکاری و پێشنیارانەش جێبەجێ بکرێت ئەوا حکومەتی هەرێم دەتوانێت ئەو مامۆستایانەی کە مانەوەیان گرنگ و پێویستە گرێبەستیان لەگەڵدا ئەنجام بدات تاوەکو کۆتای بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دێت
لای خۆشییەوە دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕونیکردەوە؛تاوەکو کۆتای مانگی پێنجی ئەمساڵ پێنج هەزار مامۆستا و فەرمانبەر تەمەنیان دەکاتە ٦٠ ساڵ و خانەنشین دەبن، بۆیە ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارانەی کە خانەنشین دەبن هەتاوەکو ٥/٣١ واتە کۆتای وەرزی دووەم ژمارەیان( ٥) هەزار و ٥٠٧ مامۆستا و سەرپەرشتیارە و یاساکە لەسەر هەموویان جێبەجێ دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران قسەمانکردووە بۆئەوەی بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست نەبێت پێشنیارمانکردووە و ئەوانیش ڕەزامەندی سەرەتاییان داوە کە ئەو مامۆستایانەی بە فعلی لەناو پۆلدا وانە دەڵێنەوە حکومەت جیاوازی موچەکانیان بۆ خەرج بکات تا کۆتای وەرزی خوێندن بۆئەوەی بۆشایی لە ناوەندەکانی خوێندن دروست نەبێت.
دکتۆر ئالان حەمەسەعید، باسی لەوەکرد؛خەرجکردنی ئەو جیاوازی ئەو مووچەیەی کە ئێمە داوامان کردووە بۆ مامۆستایان خەرج بکرێت هیچ پەیوەندی بە بە بەغداوە نییەو ڕاستەوخۆ ئەو ئەرکە دارایە دەکەوێتە سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە ڕێگەی داهاتی ناوخۆوە ئەو پارەیە دابینبکات.
دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،ئاشکرایشیکرد؛ڕەزامەنی سەرەتایمان وەرگرتووە و چاوەڕێی ئەوەین پرۆسەکە بە نوسراوی فەرمی بێت بۆئەوەی گشتاندنی پێبکەین بۆ ناو ناوەندەکانی خوێندن.