ڕوانگە-دوای ئەوەی شەوی ٢٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ گەنجێکی دانیشتوی گەڕەکی جوتیاران لە شاری کەلار لە لایەن دوو هاوڕێی خۆیەوە دەکوژرێت و پاش کوشتنەکەی تەرمەکەی دەشارنەوە، ئەم ڕووداوە نیگەرانییەکی گەورەی بەدوای خۆیداهێنا و هەمووان داوایان دەکرد دەبێت بکەرانی ئەو تاوانە بە سزای خۆیان بگەن، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/١/٢٧ دادگای تاوانەکانی کەرکوک- گەرمیان بریاری لە سێدارەدانی بۆ هەردوو بکوژەکە دەرکرد.
بڕیارەکە جێگەی دڵخۆشی کەسوکاری کوژراوەکەیەو پێیانوایە جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئەوکەسانەی کە بیانەوێ تاوانێکی هاوشێوە ئەنجام بدەن.
هەرچەندە بەلای هاوڵاتیانەوە بڕیارێکی لەوجۆرە سودێکی ئەوتۆی نییە، چونکە لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لە سێدارەدان جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو لە بەرامبەردا حکومەت پارێزگاری لە تاوانباران دەکات.
لای خۆیەوە پارێزەر جومعە محەمەد ئەمین بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛ بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان بڕیاردراوە بە لە سێدارەدانی بکەرانی ئەو تاوانە، بەڵام ئەم بڕیارانە کاتێک گرنگی دەبێت لای کۆمەڵگە و ئەو کەسانەی کە کار لەسەر ئەم کەیسانە دەکەن کە بڕیارەکە جێبەجێبکرێت.
وتیشی؛دەبێت لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوەمەرسومێکی تایبەتی بۆ دەربکرێت بۆ جێبەجێکردنی حکومەکە، کە ئەمەش وادەکات گرنگی جێبەجێکردنی بڕیارەکان زیاتربکات و وادەکات لە داهاتوودا کەس نەتوانێت تاوانێکی لەم جۆرە ئەنجام بدات، بۆیە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە گرنگی و ئەهمێت و قورسایی دەگەڕێتەوە بۆ یاسا و ئە بڕیارانەشی کە دەردەچێت لە دادگاکاندا؛.
جومعە محەمەد ئەمین پارێزەر و شارەزای بواری یاسای ڕونیشیکردەوە؛پێویستە یاساناسان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی تر فشارێکی جدی دروستبکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە لە دادگاکانەوە دەردەچن.
عەبدوڵڵا ساڵح جەمیل، پیشەی پێشمەرگە بو، رۆژی (٢٩ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤) لەلایەن دو هاوڕێیەوە لە دەشتاییەکانی گوندی گۆمەزەردـی کەلار کوژرا.