ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ جێکردنەوەی خۆی و لاوازکردنی ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا و هەروەها بەردەوامیدانی تورکیا بە دژایەتی کردنی کورد دواخستنی چارەسەرکردنی کێشەی کورد، دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد ڕایگەیاند، کێشەی تورکیا لەسەرەتاوە ئەوەیە ڕژێمێکی ڕەگەزپەرستە، زۆر دژایەتی نەتەوەی کورد دەکات و دەڵێت: لە تورکیا کێشەیەک نییە بەناوی کێشەی کوردەوە و ئێمە جیاوازی ناکەین لە نێوان کورد و تورک دا و لە دەستەرەکەشیاندا لە ماددەی ٦٦ دا هاتووە  ئەوەی لە تورکیا بژی تورکە و دان بە بونی هیچ نەتەوەیەکی دیکەدا نانێت بۆیە لە بنەڕەتدا کێشەکە لەوێوە دێت.

وتیشی؛ تورکیا ئەوەی خستۆتەڕوو کە هەر کوردێک چەک هەڵبگرێت و بەرگری لەخۆی بکات دەڵێن تیرۆرستە و بەردەوام لەجەنگدان لەگەڵ کورد و ماوەی ٤٠ ساڵە ئەم شەڕە بەردەوامە و کەچی هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەداخەوە تورکیا لەبری ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکات کەچی بەردەوامە لە دژایەتی کورد و دەوێت لەم دژایەتیکردنەی کوردا سوریا و عێراق هاوکاریبن، بەڵام ئەوە سیاسەتێکی زۆر هەڵەیە و چارەسەری کێشەکە ناکات؛.

دکتۆر مەحمود عوسمان ڕونیشی کردەوە؛ ئەگەر تورکیا ئامادەبێت گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ کوردابکات ئەوا لەبەرژەوەندی خۆیەتی و ئاسایشی پارێزراودەبێت، چونکە هیچکاتێم ئاسایشی تورکیا لەڕێگەی شەڕەوە ناپارێزرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕژێمە نوێیەی کە ئێستا لە سووریادا حوکم دەکات سەربە تورکیایە و دەیانەوێت ئەو ڕژێمە هاوکارییان بێت و بەیەکەوە هێرش بکەنە سەر کورد.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە تورکیا لە سوریا چۆن توانی جێگەپێی خۆی قایم بکات دەتوانێت لە عێراقیشدا ئەو هەنگاوە بنێت و ببێت بە بەدیلی ئێران لە عێراق دا؟ دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد ئاشکرای کرد.؛لە عێراقدا هەرگیز تورکیا پێیناکرێت ببێت بە بەدیلی ئێران، چونکە حکومڕانی لە عێراقدا لەدەستی شیعەکاندایە و ئەوان زیاتر سەربە ئێرانن، ئەمە پێچەوانەی سوریا کە ڕژێمی بەشارئەسەد هێندە لاواز و خراپ بوو کە تەنانەت سوپاکەشی ئاماۆەنەبون بەرگری لێبکەن و دەبوو لەساڵی ٢٠١٥ ەوە ئەو ڕژێمە لەناوبچێت،بەڵام ئەمە لە عێراقدا پێچەوانەیە، هەرچەندە پێناچێت ئەم سەرکەوتنەی تورکیا لە سوریا ناسەربێت؛.

لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر هاتوو گۆڕانکارییەک لە عێراقدا ڕوویدا و جارێکی دیکە دەسەڵات گەڕایەوە بۆ سونە، ئەوکات دەسەڵاتی تورکیا لە عێراق دا چۆن دەبێت؟ دکتۆر مەحمود عوسمان ڕونیکردەوە؛ تورکیا زۆر هەوڵ دەدات ئەو گۆڕانکاریە ڕووبدات، بەڵام دۆخی عێراق  جیاوازە لە سوریا، جیاوازیەکەش لەوەدایە لە سوریا سونە زۆرینەیە و ڕێژەیان دەگاتە زیاتر  ٧٥%، بەڵام لە عێراقدا  سونە ڕێژەیان لە ٤٠% زیاتر نییە و هەروەها لە عێراقدا تاڕادەیەک حوکمی شیعە چەسپاوە و لەگەڵ ئەوەشدا سوننەکان یەکگرتونین، بەڵا خۆ ئەگەر هاتوو گۆڕانکاریش ڕوبدات ئەوا دەبێت ئینقلاب و خوێن ڕشتن ڕووبدات و کەئەوەش دیسانەوە زەحمەتە لە عێراقدا ڕووبدات.