ڕوانگە- وابڕیارە ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٥/١/٢٨ دادگاى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاووتوێی سکاڵایەک دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى دوو وه‌زاره‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
كه‌سێك به‌ناوى خالید مسته‌فا دوو سكاڵاى تۆماركردوه له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانى شه‌هیدان‌و ئه‌وقاف‌و كاروبارى ئایینى حكومه‌تى هه‌رێم، لەیەکێک لەسکاڵاکاندا داواکراوە وەزارەتى ئەوقاف‌و کاروبارى ئایینى هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى دژى پێنج مادەى دەستورى عێراقەو لەبرى ئەو وەزارەتە، وەقف بۆ پێکهاتەکان دروستبکرێن، کە لەڕوى کارگێڕیی‌و داراییەوە سەربەخۆبن‌و ببەسترێنەوە بەئەنجومەنى وەزیرانەوە.
بەگوێرەى بڕگەکانى یەکەم‌و سێیەمى مادەى 103ی دەستور، وەقفەکان دەستەى سەربەخۆن لەڕوى دارایی‌و کارگێڕییەوەو دەبێت ببەسترێنەوە بەئەنجومەنى وەزیرانەوە.
سکاڵاکەى دیکە داوادەکات دادگاى باڵاى فیدراڵى وەزارەتى شەهیدان‌و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێم بەنادەستورى بزانێت کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوەو پەرلەمان‌و حکومەتى هەرێمیش ناچاربکرێن دەستەیەک بەناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنن کە سەر بەئەنجومەنى وەزیران بێت‌و لەڕوى دارایی‌و کارگێڕییەوە سەربەخۆبێت‌و یاسایەکى بۆ دەربکرێت.
لەو سکاڵایەدا داواکراوە کە وشەى "ئەنفالکراوان" لەو دەستەیە یان وەزارەتەکەى ئێستا لابدرێت، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە "وشەکە لەقورئاندا هاتوەو پێچەوانەى حوکمەکانى ئایینى ئیسلامە".