ڕوانگە- ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان بە گرنگیەوە باسیان لە دواین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان کرد بە تایبەت؛مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شانەنوستووەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکەدا.
وەزیری پێشمەرگە لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:”چاکسازی و پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامەو هەموو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەکاندا جێگیردەبن، بەمەش قۆناغێکی نوێی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی دێتە ئاراوە”.
لەبارەی بنیاتنانی دوو ناوچەیی سەرکردایەتیی وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: هەوڵەکانمان بەردەوامن و دەمانەوێت بەم نزیکانە هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی دەستبەکاربن و فیرقەکانیش لە چوارچێوەی ناوچە سەربازییەکاندا جێگیربکرێن.
جەنەڕال هام، دڵخۆشی خۆی دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها لە قسەکانیدا وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. رایگەیاند: "ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتان دەبین".