ڕوانگە - بە پێی هەواڵێکی میدیای سویدی سەلوان مۆمیکا پەنابەری عێراقیی تەمەن ٣٨ ساڵ، دوێنێ شەو لە ناوچەی هۆڤشۆی شاری سۆدەرتەلیەی سوێد کوژراوە.

دانیێل ڤیکداڵ، وتەبێژی پۆلیسی ناوچەی ستۆکهۆڵم بە SVTـی ڕاگەیاندووە" پاش ئەوەی لە ڕووداوێکی تەقەکردن ئاگادارکراونەتەوە پۆلیس و تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

ئاشکراشیکرد کە"  لە شوقەیەکدا پیاوێکی تەمەن ٤٠  ساڵ دۆزرایەوە، کە تەقەی لێکرابوو و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە".

پۆلیسی ستۆکهۆڵم تائێستا پشتڕاستی نەکردووەتەوە، قوربانییەکە سەلوان مۆمیکایە، بەڵام دەزگای هەواڵگریی سویدیش (سێپۆ) بەشدارە لە لێکۆڵینەوەکاندا.

بەگوێرەی هەواڵەکانی میدیای سویدی، ئەو کەسەی کوژراوە، لە کاتی ڕووداوەکەدا لە پەخشی راستەوخۆ بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە. ڤیکداڵ دەڵێت کەسێک بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوە.

مۆمیکا ساڵی ٢٠١٨ چووەتە سوید و ساڵی ٢٠٢١ مۆڵەتی مانەوەی سێ ساڵەی پێدرا. هاوینی ٢٠٢٣ کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەمەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە و کارەکەیان سەرکۆنە کرد.