ڕوانگە - پرۆژەى دروستکردنى یەک ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوون لە هەموو شارەکانى عێراق دەستیپێکردووە و،سەرۆکوەزیرانى عێراقیش ئاشکرای دەکات، ئامانج لێى فراوانکردنى شارەکان و دابینکردنى یەکەى نیشتەجیبوونە بۆ هاووڵاتیان.

.سودانى، شەوى رابردوو لە کردنەوەى 48ـەمین پێشانگەى نێودەوڵەتیى بەغداددا، دروستکردنى یەک ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوونى راگەیاند و گوتی، جیاوازیى پێشانگاى نێودەوڵەتیى ئەمساڵ لە ساڵانى رابردوو، گەڕانەوەى ئەو کۆمپانیایانەیە لە ساڵانى رابردوودا کارکردنیان لە عێراق راگرتبوو، بەڵام ئێستا هاتوونەتەوە بۆ عێراق و وەبەرهێنان دەکەن، ئەوەش رۆڵى گرنگی دەبێت لە گەشەسەندنى وڵاتەکە و نەخشەى ئابوورى عێراق دەگۆڕێت.

لە پێشانگای ئەمساڵدا هەزار و 250 کۆمپانیا لە 22 وڵاتی جیاوە لە تەواوی کەرتەکاندا بەشدارن.

سودانى راشیگەیاند، پرۆژەیەکى دیکەمان راگەیاندووە بۆ زیادکردنى 15 بۆ 20 هەزار مێگاوات بۆ تۆڕى کارەباى نیشتمانى، کە وزەى پاک و نوێبووەوەش لەخۆ دەگرێت.