ڕوانگە-بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان،پرۆژەی قیرتاوکردنی رەند عەلیخان-گوندی ژاڵەی حاجی قادر، کە درێژییەکەی زیاتر لە هەشت کیلۆمەترە وەک قۆناغی یەکەمی پرۆژەی رەندعەلیخان- ئەشکەوتی داری خلە کرایەوە.

لەمیانی کردنەوەی پرۆژەکە جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەچوارچێوەی گۆڕانکاریەکانی ڕێگای نێوان کەلار- دەربەندیخان و لەسەر فەرمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئەم پرۆژەیە تەواوکراوە، ئێستا قۆناغی یەکەمی تەواو بوە ئەمڕۆ هاتوین بۆ پیرۆزبایی لەدانیشتوانی گوندەکان و کاردەکەین بۆ تەواوکردنی قۆناغی دوەمی پرۆژەکەش تا ئەشکەوتی شەهیدانی داری خلە.

ووتیشی، بەرنامەمان ئەوەیە کەپرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لەسێکتەرەکانی ئاو، ڕێگاوبان تەواو ببێت. لەبەر ئەوەی گوندەکان ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستانن و لەڕابردووشدا شەهید و ئەنفال و قوربانی زۆریان داوە لەشۆڕشدا.

راشیگەیاند، بەخۆشحاڵیەوە توانیمانە کارەبای نیشتمانی بگەیەنینە سەرجەم گوندەکانی گەرمیان، لەلایەکی ترەوە دەستمان کردوە پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەهەموو شوێنەکان و لەکۆی لەقەزاو ناحیەکاندا، هەوڵیش دەدەین ئەو پرۆژانەی کەئێستا لەبواری جێبەجێکردندان بودجەیان بۆ دابین بکرێت.

لەبەرامبەردا، دانیشتوانی گوندی ژاڵە و گوندەکانی سودمەند لەو رێگایە، سوپاس و پێزانینیان ئاڕاستەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڵێندەری پرۆژەکە کرد لەپێناو تەواوکردنی پرۆژەکەدا.