ڕوانگە- لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل ڕایدەگەیەنێت، لە بەغدا لەگەڵ نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبوینەوە و لەو کۆبونەوەدا گفتوگۆمان لەبارەی ئەو دۆخە ناهەموارەوەکرد کە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم پێیدا تێپەردەبن کە ئێستا سەری کێشاوە بۆ مانگرتنی ژمارەیەک مامۆستایان و فەرمانبەران.
سەرۆکی بەرەگەل ڕونیشیکردەوە، سوپاسی هەڵوێستی نوری مالیکی و پارلەمانتارانی سەر بە کوتلەکەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین بۆ پشتیوانیکردن و تێپەراندنی پرۆژەیاسای بودجە بەتایبەت ئەو برگەیەی کە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە دەبێتە مایەی زامنکردنی بودجەی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
سەرۆکی بەرەی گەل ئاماژەی بەوەشکرد، لەو دیدارداە جەختمانکردەوە کە پێویستە هەرێم و بەغدا پابەندبن بە جێبەجێکردنی یاسا و پێشێلنەکردنی رێککەوتنەکان بۆ ئەوەی چیتر ئەو کێشەیە سەرهەڵنەداتەوە کە زیاتر لە دە ساڵە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتوە، هەروەها بیرورامان ئاڵوگۆرکرد لەبارەی ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە لەگەڵ ئەگەری لێکەوتە و کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر عێراق، لەو بارەیەوە بە بایەخەوە جەختمان لە خۆسازدان و ئامادەکارییەکان کردەوە بۆ رووبەرووبەنەوەی هەر مەترسی و پێشهاتێک لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.