ڕوانگە - گوتەبێژی مامۆستا و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی لەبارەی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ خێوەتی مانگرتووان رایگەیاند، داوای نەکردووە کۆتایی بە مانگرتن بهێندرێت، تەنیا پرسیاری لە دۆخی تەندروستیی مانگرتووان گرتووە.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەوی 04-02-2025 لە سلێمانی سەردانی خێوەتی مانگرتووانی کرد. عوسمان گوڵپی، گوتەبێژی مانگرتووان دەڵێت، "سەرۆکی یەکێتی پەرۆشی دۆخی تەندروستیی مانگرتووان بوو، بەڵام داوای نەکرد کۆتایی بە مانگرتن بهێندرێت".
 
هەشت رۆژە ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر مانیان لە خواردن گرتووە و لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، خێوەتیان هەڵداوە. ئەوان داوای مووچەی مانگەکانی 12 و یەک دەکەن، هاوکات داوای رێککردنەوەی کاتی دابەشکردنی مووچە، پلەبەرزکردنەوە و بەجێکردن یان تەوتیتن دەکەن.
 
وەکو گوتەبێژی مانگرتووان باسی کرد، مانگرتووەکان "ورەیان بەرزە و بە گیانی خۆیان ئەم هەڵوێستەیان دەربڕیوە، بۆیە بەردەوام دەبن لە مانگرتن و تەنیا خۆیان بڕیار لە شکاندنی مانگرتنەکە دەدەن".
 
"مانگرتووەکان سووربوون لەسەر ئەو چوار خاڵەی پێشتر وەکو مەرج بۆ شکاندنی مانگرتنەکەیان باسیان کردووە"، ئەمە وەکو عوسمان گوڵپی باسی کرد. دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی یەکێتی لەگەڵ مانگرتووەکان، باسی تەوتینیش کراوە. 
 
گوتەبێژی مانگرتووان باسی لەوەش کرد، "هیچ بڕیارێک نەدراوە و مانگرتن بەردەوام دەبێت". ئاماژەی بەوەش کرد، پێشوازیی لە هەر کەسێک دەکەن سەردانی خێوەتی مانگرتووان بکات.