ڕوانگە  - وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ڕۆژی پێنجشەممە بەرواری 6ی شوباتی 2025، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى 2025/1 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بەدیوانی وەزارەت و یەکه كانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی بەکۆتاهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەلایەن هاوپەیمانانەوە جەختکراوەتەوە، کە هاوكاریى دارايى بەردەوامدەبێت.

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، “لەم مانگە سەرووی (40,000) چل هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی خاڵەکانی نامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیماناندا دەروات”.