ڕوانگە- ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـى شوباتى 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە تاوتوێدەكات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشکرای دەکات، لە بڕگەی یەکەمی كۆبوونەوەكەدا لە پێنج خاڵدا بارودۆخی دارایی و مووچە تاوتوێدەكرێت، کە بریتین لە رێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفیی گشتی و پەسەندکردن و پابەندبوون بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارە و پلە و خەرجی بۆ ساڵی دارایی 2025.
هاوکات پەسەندکردنی رێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی گفتوگۆى لەسەر دەکرێت.
ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان تاوتوێى پابەندبوون بە سنووری دیاریکراوی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان و بەئەلیکترۆنیکردنی لیستەکانی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە دەکات.
لە بڕگەی دووەمدا ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی دەكات لە پەسەندکردنی هەمواری ماددەی 12ـى یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستان.
بەگوێرەى راگەیەندراوى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لە بڕگەی سێیەمدا رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و بەشی وەزارەتەکان لە داهات و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ گفتوگۆ دەكرێت.