ڕوانگە - کۆنفۆشیۆس فەیلەسووفی چینیی وتوویەتی: سەرکردە دەبێ سێ شتی هەبێ:

ــ خاک

ــ جبەخانە

ــ متمانە

بەڵام ئەگەر لە من بپرسن کام لەم سێ شتە لابدەن، ئەوا دەڵێم خاک و جبەخانە لادەن چونکە سەرکردە بەبێ ئەو دووانەش سەردەکەوێ. بەڵام هەرگیز بەبێ متمانە سەرکردە سەرکەوتوو نابێ!"


متمانەی نێوان گەل و سەرکردە، سیستم و خەڵک زۆر گرنگە. ئینسان کاتێ خەوێکی قووڵی لێدەکەوێ، یان دەچێتە سەر کارەکەی و بەوپەڕی ئاسوودەییەوە ماڵ و منداڵ بەجێ دەهێڵێ، هی متمانەکەیەتی بە ئاسایش و ئارامییەکەی.  هیچ سامان و خواردنێک بەبێ هەبوونی متمانە چێژو خۆشیی نابەخشنە خاوەنەکانیان.


لەو دە ڕۆژەی چەند مامۆستا و فەرمانبەرێک لە سلێمانی مانیان لەخواردن گرتووەو خێمەیەکیان کردووەتە شوێنی مانەوەیان؛ دە کەس نا بەڵکو سەد کەس زیاترم بینیوە هەڵوێستی خۆیان دەرنەبڕیوە بۆیان چونکە گومانیان هەیە سیناریۆبێ!


ئەوان بەهۆی بێمتمانەییە کەڵەکەبووەکانی پێشوویان، ناوێرن بڕوا بەوە بکەن مانگرتووەکان مەسڵەحەتی شاراوەی شەخسییان لەم چالاکییەدا نەبێ. من لە فەیسبووکی خۆم چەندین نامەم بۆ هاتووەو دوودڵیی خۆیان ناشارنەوە لە نیەتی مانگرەکان.. لەکاتێکدا ئەو کەسانە ئینسانی زۆر ناڕازین لە پارتی و یەکێتی و ئاواتەخوازن ڕووخانی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی بەزوویی ببینن.


ئەی کەوابێ بۆچی خەڵکانێک  هەن .. ژمارەشیان زۆرە.. بەگومانن لەم چالاکییە؟


لەکاتێکدا ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی مانیانگرتووە، ژیان و گیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەکی جدییەوە بەم وشکەسەرمایە، نان و ئاو ناخۆن. ئایا کەسانێک هەن ئەم سەرکێشییە بە ژیانی خۆیانەوە بکەن بۆ ئیمتیازێک کە هێشتا دیار نییە؟ من بۆ خۆم هیچ گومانێکم لە نیەت و ئازایەتیی ئەو مانگرانە نییە و داواکانیان داوای زۆر ڕەوان.


حەزدەکەم هاوڕێکانی فەیسبووکم بۆچوونی خۆیان بڵێن سەبارەت بەوانەی متمانەیان بەم چالاکییە مەدەنیی و ڕەوایە نییە، ئایا هۆکارەکەی چییە؟

بۆچی دەبێ گومان بخرێتە سەر کەسانێک کە حەقیان خوراوە لەلایەن دەسەڵاتەوەو بۆ داواکردنەوەی حەقەکانیان، سەرکێشییان بە ژیا و گیانی خۆیانەوە کردووە؟